رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە سەربازی و پزیشکییەکان رایانگەیاند، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی حکومەتی یەمەن (کە سعودیە پشتگیرییان دەکات) و حووسییەکان، زیاتر لە 60 کەس کوژراون کە ژمارەیەکیان سڤیلن.
رۆژی شەممە 05-09-2026، سێ سەرچاوەی سەربازیی یەمەن گوتیان، دوای چەند کاژێرێک شەڕ لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە 26 سەربازی حکومەت کوژراون. لە بەرامبەریشدا، سەرچاوە پزیشکی و سەربازییەکانی حووسییەکان (کە ئێران پشتگیرییان دەکات) رایانگەیاند، 31 چەکداریان کوژراون.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی پزیشکی لە شاری تەعز (کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدایە) رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی مووشەکییەوە بۆ سەر پاسێک، شەش سڤیل کوژراون و حەوتی دیکەش بریندار بوون.
بەرپرسێکی حکومەت، حووسییەکانی بەو هێرشە تۆمەتبار کرد، کە کرابووە سەر پاسێک لە کاتی گەشتکردنیدا لە نێوان تەعز و عەدەن (پایتەختی کاتیی حکومەتی یەمەن).
ئەفسەرێکی سەربازی لە تەعز رایگەیاند، دوای ئەوەی رۆژێک پێشتر حووسییەکان چەند پێگەیەکیان لە نزیک شارەکە کۆنترۆڵ کردووە، "کاژێرەکانی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبن."
ئەفسەرەکە ئاماژەی بەوەش کرد، هێزی پشتیوانی لە عەدەنەوە گەیشتووە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی حووسییەکان، کە ئامانجیان گەمارۆدانی شاری (موخا)یە و دەیانەوێت بەرەو ناوچەکانی سنووری تەنگەی بابولمەندەب پێشڕەوی بکەن.
پێکدادانە نوێیەکانی باشووری رۆژئاوای یەمەن لەسەر کۆنترۆڵکردنی دەروازەیەکی دەریای سوور، دوای ئەوە دێت کە رۆژی هەینی ناوچەکە سەختترین شەڕی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بینی. ئەمەش دوای ئەوەی لە مانگی تەممووزدا ئاگربەستەکەی ساڵی 2022 هەڵوەشایەوە.
راشید مەغاری، دانیشتوویەکی قەزای حەیس گوتی: "حووسییەکان بۆردوومانێکی چڕی حەیس [باکووری رۆژئاوای تەعز] و دانیشتووانەکەی دەکەن، بەڵام قەزاکە خۆڕاگرە و کۆنترۆڵکردنی قورس دەبێت."
رۆژی هەینی بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە لە یەمەن 129 کەس کوژرابوون.
لەگەڵ داخستنی تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکان لەلایەن ئێرانەوە، تەنگەی بابولمەندەب وەک رێڕۆیەکی گواستنەوەی نەوتی سعودیە (گەورەترین هەناردەکاری نەوتی خاو لە جیهان)، گرنگییەکی زیاتری پەیدا کردووە.
بەرپرسێکی سەربازی رۆژی شەممە رایگەیاند، سعودیە سێ هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ئەو پێگانەی کە ئەم دواییە حووسییەکان لە تەعز کۆنترۆڵیان کردبوون.
لە مانگی تەممووزدا، ئاگربەستە ناسکەکەی نێوان حووسییەکان و حکومەتی یەمەن هەڵوەشایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی حووسییەکان پێشوازییان لە فڕۆکەیەکی ئێرانی کرد لە سەنعای پایتەخت و بووە هۆی دەستپێکردنی زنجیرەیەک هێرش.



