رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایدەگەیێنێت، تاران سوورە لەسەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە. دەشڵێت، وەڵامیان بۆ ترەمپ ئەوەیە کە "مەگەر لە خەودا ببینێت تەنگەی هورمز ببێتە بەشێک لە خاکی ئەمریکا."
ئەبولفەزڵ شکارچی، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە 31-08-2026، لە لێدوانێکی توونددا وەڵامی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند، "دووژمنان بە هەنگاونانیان دژی ئێران، خۆیان خستووەتە ناو زۆنگاوێکەوە" کە ناتوانن لێی دەربچن."
شکارچی لە قسەکانیدا هێرشی کردە سەر توانای سەربازیی ئەمریکا و گوتی: "سوپای ئەمریکا سوپایەکی هۆلیوودی و پڕوپاگەندەییە و بۆ دزینی سامانی وڵاتانی موسڵمان دروستکراوە." جەختیشی کردەوە کە ئەوان توانیویانە "پەردە لەسەر رووخساری راستەقینەی سوپای ئەمریکا و رژێمی زایۆنی لابدەن" و لاوازیی ئەوان بۆ جیهان بسەلمێنن.
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، کە تەنیا چارەسەر بۆ سەقامگیریی ناوچەکە دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکایە و گوتی: "رێگە بە مانەوەیان نادەین و بڕیارمان داوە لە رۆژئاوای ئاسیا دەریان بکەین."
هەروەها هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی شەهیدانی قوتابخانەی "شەجەرەی تەییبەی میناب" و دوورگەی "لارک"ی کرد و رایگەیاند، ئەم تۆڵەیە "زوو یان درەنگ" هەر دەکرێتەوە.
شکارچی جەختی لەوە کردەوە کە بەرامبەر واشنتن و تەلئەڤیڤ تەنیا زمانی هێز کار دەکات و گوتی: "ئەگەر لە هەر بوارێکدا پاشەکشە بکەین، دوژمن 10 هەنگاو دێتە پێشەوە، بۆیە نابێت هیچ لاوازییەک پێشان بدەین."
ئەم پەیامە تووندەی تاران لە کاتێکدایە، کە هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە فۆکس نیوزی راگەیاند، ئێرانییەکان "پەرۆشی دانوستاندنن،" بەڵام ئیدارەکەی دوودڵە لە متمانەکردن بە تاران. ترەمپ هۆشداریشی دا کە پلانیان هەیە "بە تووندی" لە ئێران بدەن.
گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات شەوی رابردوو چووە قۆناخێکی مەترسیدار، کاتێک هێزەکانی ئەمریکا دوو سەکۆی هاوێشتنی مووشەکی سوپای پاسدارانیان لە دوورگەی لارک بۆردومان کرد و بەو هۆیەوە 2 کەس کوژران.
.jpg&w=3840&q=75)


