رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی تەقینەوەی دوو مین بە کەشتییەکدا لە تەنگەی هورمز بڵاویکردوونەتەوە، "دوورن لە راستییەوە." دەشڵێت، تاران دەیەوێت بەم زانیارییە نادروستانە هاتووچۆی کەشتییەکان رابگرێت.
رۆژی دووشەممە 31-08-2026، سێنتکۆم لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاویکردەوە: "سوپای پاسداران دەڵێت دوو مین بە کەشتییەکدا تەقیونەتەوە و بەو هۆیەشەوە کەشتییەکە لەکارکەوتووە، ئەمەش راست نییە."
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئامانجی تاران لەم جۆرە پڕوپاگەندانە تەنیا دروستکردنی ترس و رێگریکردنە لە گەڕانەوەی هاتوچۆی ئاسایی کەشتییەکان بۆ ناو تەنگەی هورمز.
ئەم کاردانەوەیەی ئەمریکا دوای ئەوە هات، کە هەر ئەمڕۆ میدیاکانی ئێران بەیاننامەیەکی سوپای پاسدارانیان بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: "کەشتییەکی گەورە کە هەوڵیدەدا بە رێڕەوە نایاساییەکەی باشووری تەنگەی هورمزدا تێپەڕێت، دوای ئەوەی بەر دوو مین کەوت، ئاگرێکی گەورەی گرت و بە تەواوی وەستا."
ململانێی زانیاریی نێوان واشنتن و تاران لە کاتێکدایە، کە هەفتەی رابردوو سوپای ئەمریکا رایگەیاند هەموو ئەو مینە دەریاییانەی کۆکردووەتەوە کە ئێران لە تەنگەی هورمز چاندبوونی. لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئێران هۆشداری دەدەن کە بەبێ رێککەوتنی سیاسی، مەترسی بۆ سەر ئەو کەشتییانە دەمێنێت کە بەو رێڕەوەدا تێدەپەڕن و رەنگە ببنە ئامانجی مووشەکەکانیان.
جەنگی ناوچەکە لە 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکرد، کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و تاران وەکو پەرچەکردارێک لە 2ـی ئاداردا تەنگەی هورمزی داخست.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی، ئەم جەنگە گورزێکی کوشندەی لە بازاڕی وزە داوە؛ بە جۆرێک هەناردەی نەوت لەو تەنگەیەدا لە 20 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بۆ کەمتر لە 1 ملیۆن دابەزیوە.
.webp&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
