رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پاکستان سەبارەت بە "رێککەوتنی مەککە" رایگەیاند، هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی بەهێزکردنی یەکڕیزی لە جیهانی ئیسلامیدا.
ئەمڕۆ دووشەممە 31ی ئابی 2026، لە دیدارێکدا لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە بیشکەکی پایتەختی کرگیزستان، مەسعود پزیشکیان باسی لە رێککەوتنی سێقۆڵیی نێوان ئیسلامئاباد، ریاز و ئەنقەرە کرد و گوتی، "هەنگاوی هاوبەشی پاکستان، عەرەبستانی سعودی و تورکیا لە چوارچێوەی رێککەوتنی مەککەدا، هەنگاوێکە بەرەو بەهێزکردنی یەکڕیزیی جیهانی ئیسلامی".
سەرۆککۆماری ئێران هیوای خواست ئەم جۆرە هاوکارییانە وڵاتانی دیکەش بگرێتەوە و گوتی: "هیوادارین وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و وڵاتانی ئیسلامیش پەیوەست بن بەم پرۆسەیەوە و هاوکارییەکانیان تەنیا لە بواری بەرگریدا قەتیس نەکەن، بەڵکو لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کولتووریشدا پەرەی پێبدەن."
رێککەوتنی مەککە رێککەوتنێکی بەرگریی هاوبەش و سێقۆڵییە، کە لە 7ـی ئابی 2026 لە شاری مەککە لەلایەن سەرکردەکانی هەرسێ وڵاتی سعودیە، تورکیا و پاکستانەوە واژۆ کرا.
بەپێی ئەم رێککەوتنە، هەر جۆرە هێرشێکی چەکداری بۆ سەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر هەرسێ وڵات هەژمار دەکرێت و وەڵامدانەوەی هاوبەشی لەدوای دەبێت.



.webp&w=3840&q=75)