رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنێت، پەیوەندیی نێوان سوپای پاسداران و حکومەت لە "باشترین ئاستدایە" و هۆشداری دەداتە ئەمریکا کە لە ئەگەری هەر هێرشێکدا، باجێکی قورس دەدات. دەشڵێت، "هێشتا نەچووینەتە ناو جەنگێکی ناهاوسەنگەوە کە مانهاتن و وۆڵ ستریت بگرێتەوە."
محەممەدڕەزا نەقدی، راوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (ئەلمەیادین)، وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە کە باسی لەنێوبردنی زۆربەی مووشەکەکانی ئێرانی کردبوو. نەقدی گوتی، "زیاتر لە 90%ی مووشەکەکانمان هێشتا ماون. ئەو مووشەکانەشی کە نەماون، ئەوانەن کە خۆمان هاوێشتوومانن و مووشەکی نوێ لە شوێنیان دانراون."
نەقدی ئاماژەی بەوەش کرد، خاڵی لاوازی پێشوویان ئاشکرابوونی شوێنی هەندێک لە کارگەکانیان بووە لەسەر زەوی، بەڵام ئێستا هەموو ئەو دامەزراوانە لە شوێنی "زۆر پارێزراو" نۆژەنکراونەتەوە. گوتیشی، "ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانمان لە ئاستی بەکارهێنان لە بەرەکانی جەنگ زیاترە، واتە کۆگاکانمان روو لە زیادبوونە."
سەبارەت بە ئەگەری بەرفراوانبوونی ململانێکان، راوێژکارەکەی سوپای پاسداران هۆشدارییەکی تووندی دا و گوتی، "ئەوەی تاوەکو ئێستا کردوومانە، جەنگێکی کلاسیک بووە؛ هێشتا نەچووینەتە نێو جەنگێکی ناهاوسەنگەوە. جەنگی ناهاوسەنگیش بە مانای جەنگە لە وۆڵ ستریت، مانهاتن و لە هەر شوێنێک و لە هەر کاتێکدا."
نەقدی جەختی کردەوە، پەیوەندیی نێوان سوپای پاسداران و حکومەتی وڵاتەکەی یەکجار بەهێزە. روو لە ترەمپیش گوتی، سەرۆکی ئەمریکا شەڕ بۆ قازانجی بازاڕی پشکەکان و کەرتی نەوت رێکدەخات. گوتیشی، "کاری لەپێشینەی ئێمە بەدەستهێنانی هێزی پێشپێگرتنە؛ تەنانەت ئەگەر دیواری کۆنکرێتیش بە دەوری ئێراندا بکێشن، ئێران هەر بە بەهێزی دەمێنێتەوە."
ئەم لێدوانانەی نەقدی دوای ئەوە دێن، بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، شەوی رابردوو هێزەکانی وڵاتەکەی دوو سەکۆی هاوێشتنی مووشەکی سوپای پاسدارانیان لە دوورگەی لارک لە باشووری ئێران بۆردوومان کردووە. هاوکات دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی داوە، پلانیان هەیە "بە تووندی" لە ئێران بدەن.



