رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا دوو سەکۆی هاوێشتنی مووشەکی سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە دوورگەی لارک لە باشووری وڵاتەکە بۆردوومان کردووە.
رۆژی یەکشەممە 30-08-2026 میدیای ئێران بڵاویکردەوە، دوو کەس کوژراون و دووی دیکەش برینداربوون.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە راگەیاندووە، هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە رێک لەو کاتەدا کراوە "ئەو سەکۆ مووشەکییانە خەریکی ئامادەکردن بوون بۆ هاوێشتنی چەند مووشەکێک بەرەو تەنگەی هورمز، بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی کەشتیوانی."
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، هێزەکانی ئەمریکا بە وردی چاودێریی ناوچەکە دەکەن و لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ پاراستنی جووڵەی کەشتییەکان لەو رێڕۆ ئاوییە ستراتیژییەدا، تاوەکو رێگری لە هەر هەوڵێکی تاران بگرن بۆ داخستنی تەنگەکە یان پەکخستنی بازرگانیی جیهانی.
دوای هێرشەکە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە هێرشێکی "دووژمنی ئەمریکی - زایۆنی" بۆ سەر دوورگەی لارک، چەندین چەکدار و هاووڵاتی کوژراون و بریندار بوون.
سوپای پاسداران رایگەیاند: "ئەم کارە لەلایەن رۆڵەکانی ئێرانی ئیسلامییەوە وەڵام دەدرێتەوە و بەدوایدا دەستدرێژیکار سزا دەدرێت."


