رووداو دیجیتاڵ
لە کەناراوەکانی قوبرسی باکوور، کەشتییەکی گەشتیاری بە 267 سەرنشینەوە نووقم بوو. سەرۆکی شارەوانیی گیرنە رایدەگەیێنێت، تیمەکانی فریاگوزاری تاوەکو ئێستا توانیویانە 159 کەس لە مردن رزگاربکەن و ئۆپەراسیۆنی گەڕان بەدوای سەرنشینەکانی دیکەشدا بەردەوامە.
کاژێر 12:30ـی پاشنیوەڕۆی یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، کەشتییەک لە کەناراوەکانی شاری گیرنە لە قوبرسی باکوورەوە بەرەو بەندەری تاشئوجو لە پارێزگای مەرسینی تورکیا بەڕێکەوت، بەڵام تەنیا 14 خولەک دوای جووڵانی و لە دووریی 2.5 کیلۆمەتر لە وشکانییەوە، نووقم بوو.
ئەرهان ئاریکڵی، وەزیری گواستنەوە و گەشتوگوزاری قوبرسی باکوور رایگەیاند، کەشتییەکە بە هۆکارێکی نادیار ئاوی تێچووە و دواتر نووقم بووە. گوتیشی، تیمەکانیان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ دۆزینەوەی ئەو سەرنشینانەی چارەنووسیان نادیارە.
موراد شەکوڵ، سەرۆکی شارەوانیی گیرنە، ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپەراسیۆنێکی فراوان بە بەشداریی هێلیکۆپتەر و بەلەمی سەربازی و مەدەنی دەستیپێکردووە. تاوەکو ئێستا 159 کەس رزگار کراون، بەڵام هێشتا ژمارەی گیانلەدەستدان بە فەرمی رانەگەیێندراوە.
لە لایەکی دیکەوە، جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا، رایگەیاند تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکان و هێزە دەریاییەکانی تورکیای راسپاردووە تاوەکو بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی قوبرسی باکوور، پەلە بکەن لە رزگارکردنی تەواوی سەرنشینەکان و ئەوەی بە "کاری لەپێشینە" ناوبرد.
ئێستا تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری لە ناوچەکەدا بڵاوەیان پێ کراوە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی 108 سەرنشینەکەی دیکەی ناو کەشتییەکە چڕ کراونەتەوە.



