رووداو دیجیتاڵ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداری لە هەوڵەکانی دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان موسڵماناندا دەدات و داوا لە وڵاتانی ئیسلامی، بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو دەکات، رووبەڕووی پیلانی نەیاران ببنەوە. دەشڵێت: "هەر کەسێک ناکۆکی دروست بکات، ئامانجی دووژمنانی پێکاوە." ئەمڕۆ یەکشەممە، 30-08-2026، موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند، نەیاران هەمیشە لە بۆسەدان بۆ لەنێوبردنی "نیعمەتی یەکڕیزی". هۆشداری بە سەرکردەکانی ناوچەکە موجتەبا خامنەیی رووی دەمیکردە سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە و گوتی: "راسپاردەی پێداگرانەی من بۆ سەرکردەکانی وڵاتانی ئیسلامی، بەتایبەتی لە رۆژئاوای ئاسیا و کەنداو ئەوەیە، کە دووژمنی راستەقینەی خۆتان بناسن، لە پیلانەکانی تێبگەن و رووبەڕووی ببنەوە." رێبەری ئێران جەختی لەوەش کردەوە، کە هەر کەسێک لە هەر پێگەیەکدا بێت و ببێتە هۆی دروستکردنی ناکۆکی لە ناو کۆمەڵگەی ئیسلامیدا، چ بە ئەنقەست بێت یان نەخوازراو، ئەوا ئامانجی دوژمنانی جێبەجێ کردووە. یەکگرتوویی ناوخۆیی ئێران لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، خامنەیی داوای لە گەلی ئێران کرد کە رێگە بە هیچ جۆرە جیاوازییەک لە ناو خۆیاندا نەدەن. ئەم پەیامە لە کاتێکدایە کە باس لە بوونی هەندێک ناکۆکی لە نێوان بەرپرسانی حکومەتی ئەو وڵاتە دەکرێت. پێشتریش رۆژی هەینی 28-08-2026، موجتەبا خامنەیی لە پەیامێکی دیکەدا هۆشداریی دابووە بەرپرسانی وڵاتەکەی و رایگەیاندبوو: "بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە رایدەگەیێنم؛ کردنی هەر کارێک کە زیان بە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی بگەیێنێت، قەدەخەیە."