رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی باشووری ئێران دەڵێ، لە دوو ساڵی رابردوودا بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی خاوی سەر بە کۆمپانیاکە 120 هەزار بەرمیل زیادیکردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، گەمارۆکان بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتیان نەوەستاندووە.
ئەمڕۆ شەممە 29-08-2026، رامین حاتەمی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی باشووری ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، سەرەڕای جەنگ، گەمارۆ و سزا ئابوورییەکان، لە هەشت مانگی رابردوودا بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی پاڵاوگەکانیان نەوەستاوە.
پێش جەنگەکانی 40 رۆژە و 12 رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی وڵاتەکە نزیکەی 1.7 ملیۆن بەرمیل بوو. بەگوتەی رامین حاتەمی، قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی کۆمپانیاکە لە دوو ساڵی رابردوودا رۆژانە 120 هەزار بەرمیل زیادیکردووە.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی باشووری ئێران ئەوەشی خستەڕوو، بەم دواییە حەوت گرێبەستی نوێی بەرهەمهێنانی نەوت لەگەڵ پاڵاوگەکان واژۆ کراون کە ''بە جێبەجێکردنیان، رۆژانە نزیکەی 380 هەزار بەرمیل نەوتی دیکە دەخرێتە سەر توانای بەرهەمهێنان.''
قسەکانی رامین حاتەمی لەکاتێکدان، ئیدارەی ئەمریکا لە درێژەی جەنگی سەربازیی هەڵگیرساوی لەگەڵ ئێران لە ساڵی 2026دا هەڵمەتێکی تووندی بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری" دەستپێکردووە تاوەکو تانوپۆی پەیوەندییە داراییەکانی ئێران لە جیهاندا ببڕێ و هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە لە تەنگەی هورمزدا رابگرێ.
هاوکات رۆژی پێنجشەممە، 27ی ئابی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا لە جۆری (ئی ئەی 18 جی) بەردەوامن لە فڕین بە ئاسمانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوەکو گەمارۆی سەر بەندەرکانی ئێران بەردەوام بێت.
سێنتکۆم رایگەیاند، تاوەکو رۆژی 27ی ئاب، جگە لە گۆڕینی ئاڕاستەی 75 کەشتیی بازرگانی، هێزەکانی ئەمریکا 3 کەشتیی بازرگانییان لە رێڕۆ ئاوییەکەدا پەکخستووە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزەکانیان چوونەتە نێو دوو کەشتیی دیکە تاوەکو لە جێبەجێکردنی بڕیاری گەمارۆکە و رێنماییە ئەمنییەکان دڵنیا ببنەوە.
سەپاندنی گەمارۆی دەریایی سەرتاسەری بەسەر بەندەرەکان و هێڵەکانی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بەشێکە لە قۆناخی دووەمی ئۆپەراسیۆنی (توڕەیی داستانئاسا) لە جەنگی سەربازیی هەڵگیرساوی نێوان واشنتن و تاران.
گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران دوو قۆناخی سەرەکی هەبوو. قۆناخی یەکەم لە 13ی نیسانی 2026 دەستی پێکرد، کاتێک واشنتن بڕیاری دا هاتووچۆی دەریایی بۆ بەندەرەکانی ئێران سنووردار بکات. ئەم هەنگاوە وەک وەڵامێک بوو بۆ داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە و هێرشەکانی تاران لەسەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکە لە کۆتایی شوباتی 2026.
لەم ماوەیەدا هێزەکانی ئەمریکا ئاڕاستەی زیاتر لە 140 کەشتییان گۆڕی و 9 کەشتیشیان پەکخست.
ئەم گەمارۆیە تاوەکو 18ی حوزەیرانی 2026 بەردەوام بوو و ئەوکات هەڵگیرا، دوای واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئەمریکا و ئێران کە وەک ئاگربەستێکی کاتی کاری دەکرد و تارانیش بەڵێنی کردنەوەی تەنگەی هورمزی دا.
دوای هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەستەکە و دەستپێکردنەوەی شەڕ، ئەمریکا جارێکی دیکە گەمارۆکەی سەپاندەوە. لە 13ی تەممووزی 2026 سێنتکۆم رایگەیاند کە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، گەمارۆکە لە 14ی تەممووزەوە دەستپێدەکاتەوە.


