رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران سیاسەتە نوێیەکانی ئەمریکا بە "نایاسایی و پێشێلکردنی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان" ناودەبات و داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات، خۆیان لە جێبەجێکردنی سزاکانی واشنتن بەدووربگرن.
رۆژی هەینی، 28ـی ئاب، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئەو رێکارە نوێیانەی ئەمریکا کە بە "ئۆپەراسیۆنی دابڕانی ئابووری" ناسراون، وەک "تیرۆریزمی دەوڵەتی" و "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" ناوبرد و رایگەیاند: "هەموو وڵاتانی جیهان پێویستە خۆیان لە جێبەجێکردنی ئەو سزایانە بەدووربگرن."
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە: "بەشداریکردنی وڵاتان لە جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمریکا، هاوبەشیکردنە لە سەپاندنی ویستی نایاسایی حکومەتێک بۆ سەر حکومەتە سەربەخۆکان و تێکدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییە رەواکانیان."
24ـی ئاب، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا پلانێکی تایبەت بە قورسترکردنی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران بەناوی "ئۆپەراسیۆنی دابڕانی ئابووری" راگەیاند و بە هەوڵێکی بێوێنە ناویبرد بۆ ناچارکردنی هاوبەشە بازرگانییەکانی تاران، تاوەکو لەنێوان بەردەوامبوونی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران یان دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی دارایی ئەمریکادا، یەکێکیان هەڵبژێرن.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئەم هەنگاوەی بە "بڕینی شادەمارە ئابوورییەکان و گۆشەگیرکردنی ئێران" ناوبرد.


