رووداو دیجیتاڵ
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا جەخت لە پێویستیی پاراستنی یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی دەکاتەوە و دەڵێ، هەر هەنگاوێک کە ببێتەهۆی لاوازکردنی ورەی نیشتمانی و دروستکردنی دووبەرەکی، بە تەواوی قەدەخەیە.
رۆژی هەینی، 28-08-2026، موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێکدا گوتی، پێویستە دەسەڵاتداران جەخت لەسەر نیشاندانی هێز و توانای وڵاتەکەیان بکەنەوە و لە هەر جۆرە گوتارێک کە ببێتەهۆی بێهیوایی و دروستکردنی دووبەرەکیی دووربکەونەوە.
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند: "بە بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە رایدەگەیێنم: ئەنجامدانی هەر کارێک کە زیان بە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی بگەیێنێت، قەدەخەیە؛" باس لەوەش دەکات کە پێویستە لە سەرجەم بڕیارە گەورەکانی بواری کولتووری، سیاسی، ئەمنی و ئابووریدا رەچاوی پاراستنی یەکڕیزیی کۆمەڵگە بکرێ.
سەبارەت بە دۆخی ئابووری و ئەرکەکانی حکومەت، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای لە بەرپرسان کرد بایەخێکی زۆر بە چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بواری بژێوی خەڵک بدەن، لەوانەش کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، بێکاری و بەڕێوەبردنی نرخی کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان لە بازاڕدا.
موجتەبا خامنەیی پشتبەستن بە بەرهەمی نێوخۆیی وەک کلیلێکی سەرەکی بۆ چارەسەری قەیرانەکان ناوبرد و داوای زیادکردنی وەبەرهێنان، پەیڕەوکردنی سیاسەتەکانی ئابووریی خۆڕاگر و کەمکردنەوەی رۆڵی دۆلاری ئەمریکی لە مامەڵە و هاوکێشە ئابوورییەکاندا بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ کرد.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی لە بەڕێوەبردنی کەرتی بازرگانی کرد و روونیکردەوە کە لەو بوارانەی بەرهەمی ناوخۆیی بەشی پێداویستییەکان ناکات، دەبێت بە شێوازێکی ژیرانە پەنا بۆ هاوردەکردن ببردرێ تاوەکو گرانی و کەمبوونی کاڵا دروست نەبێت.
موجتەبا خامنەیی ئاماژەی بەوەش کرد: "هەرچەندە کاری نەیاران لە کاتی جەنگ و دوای جەنگیش بێ کاریگەر نین لەسەر دۆخەکە، بەڵام بەڕێوەبردنی ژیرانەی جومگەکانی وڵات و سوودوەرگرتن لە توانای شارەزایان و هاووڵاتییان، ئێران بەرەو پێشکەوتن و بوژانەوەی ئابووری دەبات".


