رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گەڕاندنەوەی دیپلۆماسی بۆ سەر رێڕۆی خۆی مەحاڵ نییە، بەڵام ئەمە بەندە بەوەی ئەمریکا لەو راستییە سادەیە تێبگات کە "گوشارکردن سوودی نییە".
ئەم گوتانەی عێراقچی دوای کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر لە تاران هات، کە تێیدا تاوتوێی دۆخی تەنگەی هورمز و هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکەیان کرد.
رۆژی هەینی 28ـی ئابی 2026، عەباس عێراقچی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، گفتوگۆیەکی باشی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەردا هەبووە و دەڵێت، "ئەمریکا پێویستە متمانە دروستبکات، بە رێزەوە قسە بکات، دانی بە مافەکانمان بنێت و پابەندی بەڵێنەکانی بێت."
ئەم سەردانەی بەرپرسی باڵای دیپلۆماسیی قەتەر بۆ تاران لە کاتێکدایە ئەمریکا گەمارۆیەکی دەریایی چڕی خستووەتە سەر ئێران، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی سووتەمەنی لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا.
قەتەر، لە پاڵ پاکستاندا، رۆڵێکی سەرەکی نێوەندگیری گێڕاوە لە هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی دوای گفتوگۆکان رایگەیاند، "قەتەر پێیوایە گفتوگۆ و دیپلۆماسی باشترین رێگەن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان."
رۆژی دووشەممە 24ـی ئاب، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، ژمارەیەک سزای نوێیان بەسەر تاراندا سەپاندووە و دەستیان بە سیاسەتی "هیچ لێبووردنێک" بەرامبەر ئەو وڵاتە کردووە.
دوای راگەیاندنی سزا ئابوورییە نوێیەکان، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکی گەیشتە سەرووی 200 هەزار تمەن و تاوەکو ئێستا لەم ئاستەدا ماوەتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
