رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، هۆشداریی تووند دەداتە ئەمریکا و وڵاتانی دەوروبەری و رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئەمریکا نەگەڕێتەوە سەر بەڵێنەکانی، تەنگەی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە. دەشڵێت: "ئەگەر واشنتن جەنگی ئابووری بەردەوامبکات، ناهێڵین یەک دڵۆپە نەوت لە کەنداوەوە هەناردەبکرێت."
موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا، تیشکی خستەسەر دوایین پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە.
"رێبەرێکی بەهێزمان هەیە"
رەزایی ستایشی رۆڵی موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد و گوتی: "شایانی شوکرانەبژێرییە کە خودا رێبەرێکی هاوشێوەی رێبەرە شەهیدەکەمانی پێداوین. سەرەڕای ئەوەی خۆیان خاوەن کۆستێکی گەورەن و خێزانی خۆیان لەدەستداوە، بەڵام زۆر بەهێز ئێرانیان بەڕێوەبرد و لەبەرامبەر جەنگدا بەرگرییان لە ئێران کرد. بە ئازایەتییەوە لە مەیدانی دیپلۆماسی و جەنگدا ئامادەبوون و سەربەرزانە هاتنە دەرەوە."
هۆشداری بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە
سەبارەت بە ئەگەری زیادکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، موحسین رەزایی پەیامێکی تووندی ئاراستەی واشنتن کرد و رایگەیاند: "بە ئەمریکا دەڵێین هێزی زیادە رەوانەی ناوچەکە نەکات، چونکە ئەگەر هێز زیادبکەن، دەیانپێکین. هەر کۆبوونەوەیەکیش لەگەڵ دژەشۆڕش (ئۆپۆزیسیۆنی ئێران) بکەن، ئێمە ئەو شوێنە دەپێکین. ترەمپ و نەتەنیاهوو هیچ کارێکیان پێناکرێت."
رەزایی وڵاتانی دراوسێی ئێرانیشی بێبەشنەکرد لە هۆشدارییەکان و گوتی: "بە هەموو وڵاتانی دەوروبەر دەڵێین، مەبنە بەشێک لە جەنگی ئابووری دژی ئێران؛ هەر کەسێک بەشداربێت، وەک دووژمن تەماشای دەکەین. سەرەتا گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەین، بەڵام ئەگەر بەردەوامبن، دەبنە ئامانجی ئێمە."
تەنگەی هورمز و هەناردەی نەوت
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران جەختیکردەوە کە "تەنگەی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە و تاوەکو ئەمریکا رەفتارەکانی چاکنەکات، ناکرێتەوە." ئاماژەی بەوەشکرد کە زیاتر لە 50%ـی کەناراوەکانی کەنداو هی ئێرانە و ئەوان بەڕێوەی دەبەن.
رەزایی هەڕەشەی راگرتنی تەواوەتی هەناردەی نەوتی کرد و گوتی: "ئەگەر ئەمریکا جەنگی ئابووری بەردەوامبکات، یەک دڵۆپە نەوت لە کەنداو ناچێتە دەرەوە، نە لە تەنگەی هورمز و نە لە هیچ رێگەیەکی دیکەوە. ئێستا تەنگەی هورمزمان بەستووە و هێشتا کارمان بەسەر نەوتی کەنداوەوە نییە، بەڵام ئەگەر شەڕانگێزییەکانیان بەردەوامبێت، هەنگاوی دواتر دەنێین."
رەزایی ئاماژەی بەوەکرد کە تائێستا تەنیا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج و دەڵێت: "ئێمە تائێستا هێرشمان نەکردووەتە سەر هیچ بەرژەوەندییەکی ئابووریی ئەمریکا، بەڵام مەگەر ئەمریکا بەرژەوەندیی ئابووریی کەمە لە تەنیشت ئێمەدا؟ هیوادارین ئەمریکییەکان کۆتایی بە شەڕانگێزییەکانیان بهێنن بۆ ئەوەی نەگەینە قۆناخی داهاتوو."
"1200 تانکەر پەکیان کەوتووە"
موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، بانگەشەی ئەوە دەکات کە پلانەکانی ئەمریکا بەرامبەر وڵاتەکەی شکستیان هێناوە و دەڵێت: "ئەمریکییەکان وایان بیردەکردەوە دەتوانن لە ماوەی تەنیا چەند رۆژێکدا جەنگ لەگەڵ ئێران کۆتایی پێبهێنن و تەواوی نەوت و گازی ئێران و ناوچەکە کۆنترۆڵبکەن و دەستی بەسەردا بگرن."
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەو دۆخە لەسەر کەرتی وزە و گواستنەوەی دەریایی لە جیهاندا، رەزایی ئامارێکی نوێی ئاشکراکرد و گوتی: "بەهۆی ئەم بارودۆخەوە، ئێستا نزیکەی هەزار و 200 تانکەر بێسوود بوون. هەروەها نزیکەی 15%ـی تێکڕای کەشتیگەلی بازرگانیی جیهانی لە پرۆسەی بازرگانی و ئاڵوگۆڕ چوونەتە دەرەوە و پەککەوتوون."
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران جەختی لەوەشکردەوە، کە ئەو دۆخەی دروستبووە بووەتە هۆی ئەوەی تێچووی گواستنەوە و لۆجیستیی تانکەرەکان لە ئاستی جیهانیدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە.
"شکۆی F-35ـەکانمان شکاند"
موحسین رەزایی باسی لە توانای سەربازیی ئێران کرد و گوتی: "دونیا بینی کە تێپەڕاندنی هێرشی ئەمریکا چەند گرنگ بوو. شکۆی فڕۆکە F-35ـەکانی ئەمریکا لە ئێران شکا و ئێستا وڵاتانی عەرەبی متمانەیان بە چەکە ئەمریکییەکان نەماوە."
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران پێیوایە "حەماقەتەکانی ترەمپ" وایکردووە وڵاتانی جیهان زیاتر تامەزرۆی دەستڕاگەیشتن بە بۆمبی ئەتۆم بن، چونکە بینییان ئەندامبوون لە ئاژانسی وزەی ئەتۆم و NPT رێگریی لە هێرشی ئەمریکا ناکات.
ستراتیژیی نوێی جەنگ و دیپلۆماسی
موحسین رەزایی ئاشکرایکرد کە ئێران خەریکی ئامادەکردنی "سەنەدی ئاسایشی ئابووری"ـیە و دەیەوێت کەرتی تایبەت بەبێ دڵەڕاوکێ کاربکات. هەروەها گوتی: "جەنگی داهاتوو جیاواز دەبێت لە جەنگی سێیەمی سەپێندراو. ئێمە لە شێوازی بەڕێوەبردنی جەنگدا گۆڕانکاری دەکەین."
رەزایی ئاماژەی بەوەشکرد پاش چەندین خولی دانوستاندن و "پابەندنەبوون"ـی ئەمریکییەکان بە بەڵێنەکانیان، "پێویستە گۆڕانکاری لە شێوازی مامەڵەی دیپلۆماسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ جیهاندا بکرێت. دیپلۆماسیش بە مەیدانی خەبات دەزانین و دەبێت رەفتارە دیپلۆماسییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ جیهان چاکسازییان تێدا بکرێت."



