رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا دەڵێ، داوای لە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەی کردووە لە رێگەی ئینتەرپۆڵەوە داوای دەرکردنی (ئاگادارکردنەوەی سوور) بکرێ بۆ دەستگیرکردنی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تۆمەتی "کۆمەڵکوژی".
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا، رۆژی هەینی، 21-8-2026 رایگەیاند، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لەسەر هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی گەیاندنی هاوکاری بۆ غەززە لە سنووری ئاوی نێودەوڵەتی، دادگای 11ی سزای قورس لە ئیستەنبووڵ بە ژمارە دۆسیەی 2026/108 پرۆسەی دادگاییکردنی بۆ 35 تۆمەتبار دەستپێکردووە کە بنیامین نەتانیاهووی تێدایە.
ئاکن گورلەک گوتی، داواکارییەکیان ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کردووە تاوەکو لە رێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆڵ)ـەوە (ئاگادارکردنەوەی سوور) بۆ دەستگیرکردنی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەربکرێ.
وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، بەڵگەنامە پەیوەندیدارەکانیشیان رەوانەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کردووە.
وەزیری دادی تورکیا باس لەوە دەکات، پێویستە نەتەنیاهوو بەهۆی پەلاماردانی ئەو چالاکڤانە مەدەنییانەی هاوکاریی مرۆییان بۆ غەززە دەگواستەوە لە سنووری ئاویی نێودەوڵەتیدا بە تۆمەتەکانی "تاوانی دژی مرۆڤایەتی"، "کۆمەڵکوژی"، "بێبەشکردن لە ئازادی"، "بریندارکردنی بەئەنقەست"، "ئەشکەنجەدان"، "زیانگەیاندن بە ماڵ و موڵک"، "تاڵانکردن" و "رفاندن" دادگایی دەکرێ.
وەزیری دادی تورکیا راشیگەیاند: "رێگە نادەین تاوانەکانی غەززە بشاردێنەوە و تاوانباران بەبێ سزا تێپەڕێن و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو تواناکانی یاسای نیشتمانی و نێودەوڵەتی بەکاردەهێنین."
ئاگادارکردنەوەی سووری ئینتەرپۆڵ ئاگادارکردنەوەیەکی جیهانییە کە ئاڕاستەی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا لە سەرانسەری جیهان دەکرێ، بە مەبەستی دۆزینەوە و دەستگیرکردنی کەسێک کە داواکراوە بۆ دادگاییکردن یان بۆ بەسەربردنی سزای زیندانی، تاوەکو ئەنجامدانی رێکارەکانی رادەستکردنەوەی یاسایی یان هەر رێکارێکی هاوشێوە بۆ رادەستکردنی داواکراو بۆ ئەو وڵاتەی داوای دەستگیرکردنی کردووە.
ئەم هەنگاوەی تورکیا و دادگاکانی ئیستەنبووڵ دوای ئەوە هات کە "کەشتیگەلی جیهانیی سومود" لە تشرینی یەکەمی 2025دا بە مەبەستی گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی بەرەو کەرتی غەززە بەڕێکەوت، بەڵام پێش گەیشتنی بەو ناوچەیەی فەلەستین رووبەڕووی دەستوەردانی هێزەکانی ئیسرائیل بووەوە.


