رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر 10 کەسدا سەپاند کە ئەندامی تۆڕێکی بەرفراوانی قاچاخی پارەی کاشن بۆ حیزبوڵڵای لوبنانی. ئەم تۆڕە گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکانی نێوان لوبنان، تورکیا، ئیمارات و ئێرانیان بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی سەدان ملیۆن دۆلار لە دەرەوەی سیستەمی فەرمیی دارایی جیهان.
رۆژی پێنجشەممە، 21ی ئابی 2026، نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەم تۆڕە بووەتە هۆی ئەوەی حیزبوڵڵا دەستی بە دراوی بیانی بگات و لە سزاکانی ئەمریکا رابکات. هەروەها وەزارەتەکە جارێکی دیکە حیزبوڵڵای وەک رێکخراوێکی سەر بە ئێران و ژێر فەرمانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران ناساندەوە.
تۆڕەکە چۆن کار دەکات؟
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی گەنجینە، بازرگانێکی تورک بە ناوی یونس ئەلپەر یڵماز سەرپەرشتی ئەم تۆڕەی کردووە. یڵماز چەندین نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی لە تورکیا وەک پەردەیەک بۆ کارە نایاساییەکانی بەکارهێناوە و هەژماری بانکی و کۆمپانیای وەهمیی بۆ گواستنەوەی پارەکانی سەر بە سوپای پاسداران دابین کردووە.
جگە لە یونس ئەلپەر یڵماز، سزا نێودەوڵەتییەکان ئەم کەسانەشی گرتووەتەوە کە وەک گوێزەرەوەی پارە و رێکخەری لۆجستی کاریان کردووە:
خەلیل ئیبراهیم کاچماز
ئۆندەر دەدە
وەسفی ئاکیوز
محەممەد ئاکیوز
محەممەد ئاجور
فەیاز کاراساڵح
مەسعوود موسافەر
گوڵای کایا ساڤچی
ئەمرە ئایاز
ئەم کەسانە بە تۆمەتی دابینکردنی هاوکاری دارایی و تەکنەلۆژی بۆ فەیلەقی قودس و حیزبوڵڵا خراونەتە لیستی رەشەوە.
لێکەوتەکانی سزاکان
بەهۆی ئەم بڕیارەوە، هەموو سەروەت و سامان و بەرژەوەندییەکانی ئەم کەسانە لە ناو خاکی ئەمریکا یان لەژێر دەستی هاووڵاتییانی ئەمریکیدا بێت، بلۆک دەکرێن. وەزارەتی گەنجینە هۆشداریشی داوە کە هەر دامەزراوەیەکی دارایی بیانی یان هەر کەسێک مامەڵە لەگەڵ ئەم سزادراوانەدا بکات، خۆی رووبەڕووی سزای قورسی ئەمریکا و بێبەشبوون لە سیستەمی دارایی واشنتن دەکاتەوە.
ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە ستراتیژیی ئەمریکا دەبینرێت بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی حیزبوڵڵا و تێکشکاندنی ئەو تۆڕە قاچاخچییانەی کە سوود لە کەرتی بازرگانی و گەشتە ئاسمانییەکان وەردەگرن بۆ بەرژەوەندی گرووپە چەکدارەکان.



