رووداو دیجیتاڵ
تورکیا رەتی دەکاتەوە هیچ ئامادەییەکی سەربازی لە بنکەی ئاسمانی ئەبو زهور لە شاری حەلەبی سووریا هەبێ، ئەوە لە کاتێکدایە دوو رۆژ لەمەوبەر لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشی کرایە سەر.
ئیسرائیل هۆکاری هێرشەکردنەکەی ئاشکراکرد و رایگەیاند، شاندێکی تورکیا سەردانی بنکەکەی کردووە. بەڵام ئەمڕۆ پێنج شەممە بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری تورکیا کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێ، گوتی: "هیچ شاندێکی تورکیا لە بنکەی ئاسمانی ئەبو زهوور نەبووە، نە پێش هێرشەکەی ئیسرائیل و نە دوای هێرشەکە."
دوێنێ چوارشەممە 19-8-2026یش بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "رێگە نادەین هیزی سەربازیی تورکیا لە ناوچەکانی باشووری سووریا جێگیر بکرێ، لەبەرئەوەی وەک هەڕەشە بۆسەر ولاتەکەمان دەیبینین."
نەتەنیاهوو گوتی، هیچ جۆرە هەڕەشەیەک بۆسەر وڵاتەکەی قبووڵ ناکات کە لە ئەگەری ئامادەیی هێزەکانی تورکیا لەو بنکەیە دروست دەبێت.
لەبەرامبەردا زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل "قبووڵنەکراون" و تورکیا رژدە لەسەر پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی سووریا لە بنیاتنانی سەقامگیری لە سووریای پاش شەڕ.
ئاکتورک گوتی: "ئامانجی هێرشەکان تێکدانی سەقامگیری، ئاسایش، یەکگرتوویی و زیانگەیاندنە بە دامەزراوەکان و ژێرخانی سووریا."
گوتەبێژەکە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "هەر هێرشیک زیان بە سەربەخۆیی یەکگرتووی خاکی سووریا بگەیەنێت، قبووڵکراو نییە."
هاوکات بورهانەدین دووران، بەڕێوەبەری میدیا و پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵی وڵاتەکەی روونیکردەوە کە ئەوان نیازی تۆڵەکردنەوەیان نییە و گوتی: "ئێمە هێندە ئەزموونیان هەیە کە نەکەوینە داوی تەڵەکەکانی کەسێکی وەک نەتەنیاهوو کە هەوڵ دەدات زیان بە ئاشتی و ئاشایشی هەرێمەکە بگەیەنێت."
بەڕێوەبەری میدیا و پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەم هەڵویستە نالۆژیکیانەی نەتەنیاهوو لە گومان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئیسرائیل و کێشەی نێوخۆیی وڵاتەکەی و ترس و دڵەراوکێ سەرچاوەی گرتووە؛ بۆیە دژبەرەکی لەگەڵ تورکیا وەک سەرچاوەی مانەوەی دەبینێت."
