رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی وێرانکردنی ئابووریی ئێران دەکات و هەوڵی گۆشەگیرکردنی زیاتری دەدات، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە تووندی وەڵامی هەڕەشەکانی دەداتەوە و دەڵێ، ئەم جۆرە "سیاسەتە شکستخواردووانە" تەنیا ئێرانییەکان تووڕەتر دەکات و "شکستی زیاتریش دەهێنن."
ئەم قسانەی عێراقچی چەند کاژێرێک دوای ئەوە هاتن کە ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی "رێوشوێنی ئابووریی کوشندەی" دژی ئێران کرد و بەڵێنی "جەنگی ئابووری و گۆشەگیری لەسەر ئاستێکی بێ پێشینە" دا، هەرچەندە وردەکاریی زۆری نەخستەڕوو.
عێراقچی لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، ئامانجی ئەم هەڕەشانە، لادانی سەرنجی رای گشتیی ئەمریکایە لەسەر کێشە داراییەکانی نێوخۆی وڵاتەکەیان و ئاماژەی بەوەش کرد، "تیرۆری ئابووریی ئەمریکا، هەڕەشەیە بۆسەر ئابووریی جیهان و سەروەریی نیشتمانیی وڵاتان."
لەلایەکی دیکەوە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، ئێران رووبەڕووی "گەورەترین گۆشەگیریی ئابووریی رێکخراو لە مێژووی جیهان"دا دەبێتەوە.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی، هەڕەشەی سەپاندنی سزای لاوەکی بەسەر ئەو وڵات و کۆمپانیایانەدا کرد کە بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن و گوتی، کاتی ئەوە هاتووە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بڕیار بدەن لە چ بەرەیەکدا دەبن. هەرچەندە ناوی نەهێنان، بەڵام چین و هیندستان گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانن.



