رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەداتەوە و دەڵێ، نەتەنیاهوو دەیەوێ لەرێگەی دووژمنایەتیکردنی تورکیاوە خۆی لە گۆشەگیریی نێودەوڵەتی رزگار بکات.
بورهانەدین دوران، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لە وەڵامی لێدوانەکانی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە تورکیا و سووریا رایگەیاند: "ئێمە خاوەنی ئەو ئەزموونەین کە نەکەوینە داوی یارییەکانی کەسانی وەک نەتەنیاهوو، کە هەوڵی تێکدانی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە دەدات."
دوران ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هەڕەشە و "درۆیانەی" نەتەنیاهوو لە هەڤپەیڤینێکدا بەرامبەر تورکیا و سووریا دەریبڕین، رەنگدانەوەی ئەو گۆشەگیرییە نێودەوڵەتی و ترسە سیاسییەیە کە هەیەتی؛ گوتیشی: "هەوڵەکانی نەتەنیاهوو بۆ چەواشەکردنی رای گشتی لەڕێگەی دروستکردنی دووژمنی خەیاڵی، چیدیکە هیچ کاریگەرییەکی نەماوە، چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر خراپیی سیاسەتەکانی ئەو، هاوڕان."
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، نەتەنیاهوو بەهۆی هەڵبژاردن و گوشارە نێوخۆییەکانەوە پەنای بۆ ئەم هەڵوێستە نالۆژیکییانە بردووە و "دووژمنایەتیکردنی تورکیا وەک سەرەپەتێکی رزگاربوون دەبینێت."
بورهانەدین دوران ئاماژەی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە، لوبنان و سووریا کرد و گوتی: "نەتەنیاهوو و هاوبەشەکانی دەیانەوێ بە تۆمەتبارکردنی وڵاتانی ناوچەکە، ئەو پیسییەی لەسەر خۆیانە لایببەن. هەوڵی تۆمەتبارکردنی تورکیا دوای هێرشەکەی سووریا، بەڵگەیەکی روونی ئەمەیە."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، دوران هۆشدارییدا و گوتی: "نەتەنیاهوو ناوچەکە بەرەو ئاگر دەبات، بەڵام سیاسەتی ژیرانە و ئاشتیخوازانەی تورکیا یارییە خوێناوییەکانی ئەو، تێکدەشکێنێت. کەس ناتوانێت ئارامیی میللـەت و دۆستانی ئێمە تێکبدات."
نەتەنیاهوو چی گوتبوو؟
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوێنێ چوارشەممە رایگەیاند، هێرشی رۆژی سێشەممەی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی بۆسەر بنکەی (ئەبو زهوور) لە ئیدلبی سووریا، پەیامێک بووە بۆ تورکیا.
ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات بوونی سەربازیی تورکیا لە سووریا مەترسیی ئەمنی بۆ سەر وڵاتەکەی دروست دەکات.

