رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) گەیشتنی کەشتیی جەنگیی (یوئێس ئێس جۆرج واشنتن)ی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست راگەیاند.
رۆژی پێنجشەممە، 20ی ئابی 2026 فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە، کەشتیی (یوئێس ئێس جۆرج واشنتن) لە رۆژی چوارشەممەوە گەیشتووەتە ئاوەکانی دەریای عەرەب و ناوچەکە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەرکێکی تایبەت.
گەیشتنی ئەم کەشتییە لە چوارچێوەی پرۆسەی گۆڕین و جێگرتنەوەی هێزەکاندا دێت، بەتایبەت دوای ئەوەی مانەوەی درێژخایەنی کەشتیی جەنگی ( یوئیس ئێس ئەبراهام لینکن) لە ناوچەکە و دۆخی دەروونیی سەربازەکانی نێوییەوە رەخنەی زۆری لێکەوتەوە.
رۆژی 14ی ئابی 2026 فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیێندراوێکدا ئەو دەنگۆ و راپۆرتە میدیاییانەی رەتکردنەوە کە باس لە گیانلەدەستدانی سەربازانی ئەمریکی لەنێو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکنیان دەکرد لە کاتی ئەرکەکەیاندا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا لە ئێکس گوتی، هەندێ "دەنگۆی بێ بنەما" بڵاوکراونەتەوە، لەوانە کوژرانی حەوت سەرباز لە ئەنجامی شەڕە قسە و پێکدادان لەنێو کەشتییەکە، زیادبوونی رێژەی بیرکردنەوە لە خۆکوشتن لەنێو سەربازەکان. سێنتکۆم دەڵێ: "ئەم راپۆرتانە بە هەموو شێوەیەک ناڕاستن."
بەگوێرەی ئامارەکانی سێنتکۆم، کەشتیی ئەبراهام لینکن بەرزترین رێژەی بەردەوامبوون لە خزمەتی سەربازی لەنێو هەموو کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکادا هەیە، کە دەگاتە 84.4٪. لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا، سەربازان و مارێنزەکانی نێو کەشتییەکە "خۆڕاگر و پێداگربوون".
لە ماوەی جێگیربوونی لە ناوچەکەدا فڕۆکەکانی سەر کەشتیی ئەبراهام لینکن زیاتر لە 10 هەزار فڕینیان هەبووە و زیاتر لە 1.5 ملیۆن پاوەند تەقەمەنی و چەکیان خستوەتە خوارەوە.
جێگرکردنی کەشتیی ئەبراهام لینکن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ بەشداریکردن بوو لە جەنگی ئێران، کە لە 28ی شوباتی ئەم ساڵ لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئەو وڵاتە دەستیپێکرد.
سێنتکۆم ئەو فەرماندەییەی سوپای ئەمریکا کە ئەرکەکەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، نێوەڕاستی ئاسیا و بەشێکی باشووری ئاسیادایە.
چەند زانیارییەک لەسەر کەشتیی یو ئێس ئێس جۆرج واشنتن
جۆر: کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەتۆمی لە پۆلێنی (نیمیتز).
ریزبەند: شەشەمین کەشتییە لەم جۆرە.
هۆکاری ناونانی: بەناوی یەکەمین سەرۆکی ئەمریکاوە کراوە.
بەکارخستن: لە 4ی تەممووزی 1992 (رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکا) دەستی بە کار کردووە
کۆمپانیای دروستکەر: Newport News Shipbuilding
شوێنی مانەوە: شاری یۆکۆسوکا لە ژاپۆن
تاکە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکایە کە بنکەی هەمیشەیی لە دەرەوەی ئەمریکا بێت.
درێژی: 333 مەتر.
پانیی سەکۆی فڕین: 77 مەتر.
کێش (لە کاتی پڕبوون): 100,000 تاوەکو 104,000 تۆن.
بەرزی: نزیکەی 74 مەتر (هاوتای باڵەخانەیەکی 24 نهۆمی).
خێرایی: زیاتر لە 30 گرێی دەریایی واتە 55 کم/کاژێر
وزەی کارپێکردن: دوو بزوێنەری ئەتۆمی کە هێزی 260,000 ئەسپیان هەیە و 4 پەروانە دەسوڕێننەوە.
مەودای بڕین: بێ سنوورە (20 بۆ 25 ساڵ پێویستی بە گۆڕینی سووتەمەنیی ئەتۆمی نییە).
توانای هەڵگرتنی فڕۆکە: 75 بۆ 90 فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەر.
تیم و کارمەندان:
ستافی کەشتییەکە: 3,200 تاوەکو 3,500 کەس.
ستافی باڵی فڕۆکەوانی: 2,480 کەس.
کۆی گشتی: نزیکەی 5,700 تاوەکو 6,250 کەس.
ژیانی رۆژانە و توانا شاراوەکانی نێو کەشتییەکە:
رۆژانە دەتوانێ ملیۆنێک و 500 هەزار لیتر ئاوی شیرین بەرهەم بهێنێت.
رۆژانە نزیکەی 18 هەزار ژەمە خواردن پێشکێشی سەربازەکانی دەکات.
زیاتر لە 2,500 ژوور و بەشی هەیە.
4 بەرزکەرەوەی فڕۆکە، 4 سیستمی هەڵدانی فڕۆکە و 4 وایەری راگرتنی فڕۆکەی هەیە بۆ کاتی نیشتنەوە.
وێستگە مێژووییە گرنگەکان:
• 1992: لە رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکادا دەستی بەکار کرد.
• 2008: بووە یەکەمین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەتۆمی کە بە هەمیشەیی لە سنووری ژاپۆن جێگیر بکرێ.
• 2011: یارمەتیی لێقەوماوانی بوومەلەرزە و سوونامییەکەی ژاپۆنی دا.
• 2017 بۆ 2023: پرۆسەیەکی گەورەی نۆژەنکردنەوە و گۆڕینی سووتەمەنیی ئەتۆمی بۆ کرا.
• 2024: گەڕایەوە بۆ بنکەی یۆکۆسوکا لە ژاپۆن.
• 2026: ئێستا لەگەڵ باڵی ئاسمانیی 5 (CVW-5) و گرووپی مانۆڕی پێنجەم کار دەکات. بەم دواییانە و لە کاتی گەشتکردنیدا بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، یادی 200,000ـەمین نیشتنەوەی سەرکەوتووی فڕۆکەی لەسەر سەکۆکەی کردەوە.
رۆڵی ئێستای کەشتییەکە:
ئەم کەشتییە وەک ناوەندێکی گەورەی سەربازی کار دەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سنووری هیندستان و زەریای هێمن. ئێستاش پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا دەکات لە دەریای عەرەب و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

