رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران دەڵێت، بەهۆی جەنگ و داخرانی تەنگەی هورمزەوە هەناردەی نەوتی ئێران وەستاوە و داهاتە نەوتی و گشتییەکانی ئەو وڵاتە زۆر کەمبوونەتەوە. دەشڵێت، پرۆسەی ئازادکردنی 12 ملیار دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە رێگەی قەتەرەوە پەکیکەوتووە.
عەبدولناسر هیممەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران شەوی چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، هەناردەکردنی نەوتی ئێران وەستاوە و داهاتی ئەو وڵاتە زۆر کەمبووەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پێشبینیی ئەو دۆخەیان کردبوو، ئامادەکاریی پێویستیان کردووە.
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران دەڵێت: "ئێستا داهاتی قەتەر و عێراق لە هەناردەکانیان نزیک بووەتەوە لە سفر و ئێمەش لە کۆتاییدا تووشی هەمان شت بووین، نەوت هەناردە ناکەین و ئەمە راستییەکە، بەڵام ئێمە پێشبینیی پێویستمان کردووە."
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای کەمبوونەوەی داهات، بەڵام توانیویانە بەرگە بگرن و گوتی: "ئێستا دابینکردنی دراو بۆ کاڵا بنەڕەتییەکان، دەرمان و هەموو ئەمانە بە بەراورد بە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو زۆر باشترە."
بە گوتەی هیممەتی، "جیاوازیی ئێران لەگەڵ حکومەتەکانی وەک قەتەر و عێراق ئەوەیە کە ئەوان دەستیان بە یەدەگە داراییەکانیان دەگات، بەڵام یەدەگەکانی ئێمە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە بلۆک کراون و رێگەمان پێنادەن دەستمان پێبگات."
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران باسی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق دەکات و دەڵێت: "ئێمە پێش جەنگ بە بەهای 12 ملیار دۆلار هەناردەمان بۆ عێراق هەبوو؛ چوار ملیار دۆلاری پەیوەندیی بە حکومەتەوە هەیە کە گاز و کارەبایە، هەشت ملیار دۆلارەکەشی هی کەرتی تایبەت بوو."
عەبدولناسر هیممەتی ئاماژە بە سەردانەکەی بۆ عێراق و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەکات و باس لەوە دەکات، لە کۆبوونەوەکاندا باسیان لە قەرزەکانی ئێران لەسەر حکومەتی عێراق کردووە و بەرپرسانی عێراقی بەڵێنیان پێداوە، کێشەکە چارەسەر بکەن.
هیممەتی گوتی: "لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق قسەمان کردووە لەبارەی ئەو قەرزانەی لەسەر حکومەتی عێراقن و بەڵێنیان داوە بیدەنەوە، بەڵام ئەوانیش هەمان کێشەی ئێمەیان هەیە، واتە چونکە تەنگەی هورمز داخراوە، ناتوانن هەناردە بکەن و مووچەکانیان بدەن، مووچەکانیان بە شێوەیەکی سەرەکی لە داهاتی نەوتەوە دەدا، بەڵام ئێستا سێ بۆ چوار مانگە لە پێدانی مووچەکانی خۆشیاندا تووشی کێشە بوون."
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران دەڵێت: "بابەتێکی دیکە پارەکانمان لە بانکێکی عێراقیدایە کە قسەمان لەسەر کردووە، پشتیوان بە خودا کێشەکەی چارەسەر بووە و وردە وردە باشتر دەبێت و ئێمە لە رۆژان و هەفتەکانی داهاتوودا دەتوانین سوودی پێویستی لێ وەربگرین."
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران باس لەوە دەکات، لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە و پرسی قەرزەکان و پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان لەگەڵدا تاوتوێ کردووە. عەبدولناسر هیممەتی روونیکردەوە: "خاڵێکی گرنگ کە لەگەڵ سەرۆکوەزیران گەیشتینە ئەنجام ئەوە بوو کە بتوانین بە پشتبەستن بەو سەرچاوانەی لە بانکی تی بی ئای عێراق هەمانە، بیکەینە پشتیوان بۆ دەرکردنی گەرەنتی بۆ بەڵێندەرەکانمان کە لە عێراق کار دەکەن. ئەویش ئەمەی قبووڵ کرد و فەرمانی پێویستی دەرکرد."
سەبارەت بە چارەنووسی پارە بلۆککراوەکانی ئێران، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە واژۆکراوەکەی نێوان ئێران و ئەمریکادا، بڕیار بوو 12 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانمان ئازاد بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوە نەکراوە.
هیممەتی گوتی: "ئێمە لێکتێگەیشتنی سەرەتاییمان کردبوو کە 12 ملیار دۆلار لەم پارانەمان بە شێوەیەک ئازاد بکرێت، شەش ملیار دۆلارمان کە پێشتر لای قەتەر بوو و شەش ملیار دۆلاریشمان لە شوێنەکانی دیکە بوو کە بڕیار بوو قەتەر بیدات بۆ ئەوەی دوا نەکەوین، بەڵام جێبەجێ نەکرا و پرۆسەکە بە نیوەچڵی مایەوە."



