رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن رایدەگەیێنێت، هێزەکانیان سێ هاوکێشەی نوێی سەربازییان بەسەر سعودیەدا سەپاندووە و تەنیا لە یەک مانگدا رێگرییان لە 56 کەشتیی نەوتهەڵگری ئەو وڵاتە کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووحسییەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە سەنعا رایگەیاند، توانا سەربازییەکانیان گەیشتووەتە ئاستێک کە دەتوانن نەخشەی جەنگ بگۆڕن. ئاشکراشی کرد کە ئەو سێ هاوکێشەیەی ئێستا پەیڕەوی دەکەن بریتین لە: "گەمارۆ بەرامبەر گەمارۆ"، "لێدانی کۆبوونەوە سەربازییەکان لە هەر شوێنێک بن" و "پاراستنی سەروەریی خاکی یەمەن."
بەگوێرەی گوتەکانی یەحیا سەریع، لەوەتەی راگەیاندنی بڕیاری قەدەخەی کەشتیوانی بۆ سعودیە لە 20ـی تەممووزی رابردووەوە، حووسییەکان رێگرییان لە 56 کەشتیی نەوتهەڵگری سعودی کردووە بەمشێوەیە: هەشت کەشتی کراونەتە ئامانج و لێیان دراوە (5 لە دەریای سوور و 3 لە کەنداوی عەدەن)، 48 کەشتی رێگرییان لێ کراوە و ناچار بە گەڕانەوە کراون.
گوتەبێژی حووسییەکان ئاماژەی بەوە کرد، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی سعودیە، 9 ئۆپەراسیۆنی سەربازییان بۆ سەر ناوچەکانی (یەنبوع، نەجران، جیزان، ئەبها) و دامەزراوەکانی نەوت لە رۆژهەڵاتی سعودیە کردووە. هەروەها باسی لەوەش کرد کە لە 14 ئۆپەراسیۆنی دیکەدا دژی کۆبوونەوە سەربازییەکان، "سەدان سەرباز و ئەفسەری سعودی کوژراون و بریندار بوون، هەروەها 10 کەشتیی جەنگی نوقم کراون یان سووتێندراون."
مەرجەکانی حوسییەکان بۆ راگرتنی هێرشەکان
یەحیا سەریع هۆشداریی دایە بەرپرسانی سعودیە و گوتی: "هەر فراوانکردنێکی شەڕ بە فراوانکردنی گشتگیر لەلایەن ئێمەوە وەڵام دەدرێتەوە."
حوسییەکان راگرتنی هێرشەکانیان بە سێ مەرجەوە بەستەوە، ئەوانیش هەڵگرتنی تەواوی گەمارۆکانی سەر یەمەن، کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییە سەربازییەکان و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی یەمەن.
گوتەبێژی حوسییەکان داوای لەو هاووڵاتییە یەمەنییانە کرد کە لە ناو سوپای سعودیەدا چەکدارن، بە پەلە کەمپە سەربازییەکان جێبهێڵن بۆ ئەوەی نەبنە قوربانیی هێرشەکانیان.


