رووداو دیجیتاڵ
گواستنەوەی بەرهەمی نەوتی عێراق بۆ تورکیا و ئەفغانستان لە رێگەی هێڵی ئاسنی کرماشان دەستیپێکرد.
حەسەن روستەمزادە، جێگری کاروباری ئابووریی پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، بەشێکی بەرچاوی هەناردە و هاوردەی ئێران لە رێگەی دەریاییەوە دەکرێت، دۆخی ئەم دواییە، پێویستی کرد گرنگیی زیاتر بە رێگەی زەوینی و هێڵی ئاسنی بۆ بازرگانی بدرێت.
بە گوتەی روستەمزادە، کرماشان توانایەکی تایبەتیی هەیە و دەتوانێت لە بوارەکانی هاوردە، هەناردە و گواستنەوەی کاڵا رۆڵێکی گرنگ ببینێت.
جێگری کاروباری ئابووریی پارێزگاری کرماشان دەشڵێت، کرماشان شەش دەروازەی سنووری لەگەڵ عێراق هەیە و توانایەکی زۆری لە گەشەدان بە بواری بازرگانی و گواستنەوە بەتایبەتی لە بواری هێڵی ئاسن هەیە.
ئەمەش تێچووی بەکارهێنانی وزە، گواستنەوە و مەترسییەکان کەم دەکاتەوە و هەلی کاریش دەڕەخسێنێت.
روستەمزادە راشیگەیاندووە، رووداوێکی گەورە لە بواری گواستنەوەی هێڵی ئاسنی لە پارێزگای کرماشان روویداوە و ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار رێککەوتنێک بۆ گواستنەوەی 50 هەزار تۆن بەرهەم لە رێگەی هێڵی ئاسنی کرا.



