رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات رایگەیاند، سەرکۆنەی هێرشی ئێران دەکەن بۆ سەر دوو کەشتیی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەبوزەبی (ئەدنۆک) کە لە کاتی تێپەڕبوونیان بە تەنگەی هورمزدا کراونەتە ئامانج.
رۆژی هەینی 14ی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی ئەو رووداوەی کرد و بە "هێرشێکی دوژمنکارانەی ئێران" وەسفی کرد، کە دوو کەشتیی سەر بە کۆمپانیا نەوتی ئەبوزەبی کردووەتە ئامانج، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئیمارات، کۆمپانیاکە پشتڕاستی کردووەتەوە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە دوو کەشتییان لە کاتی تێپەڕبوونیان بەو رێڕەوە ئاوییەدا هێرشیان کراوەتە سەر، بەڵام رایگەیاندووە کە دەستبەجێ "بارودۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە".
ئەم رووداوە بەشێکە لە زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر کەشتییەکانی ئەو وڵاتە. کۆمپانیاکە رایگەیاندووە تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب، 15 کەشتییان لە کاتی تێپەڕبوونیان بە تەنگەی هورمزدا بە مووشەک و درۆن کراونەتە ئامانج. لە ئەنجامدا، ئەندامێکی تیمی کەشتییەکان کوژراوە و 20 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەدنۆک لە راگەیێندراوەکەیدا جەختی لە گرنگیی پاراستنی سەلامەتیی دەریاڤانان، ئازادیی کەشتیوانی و ئاسایشی دەریایی کردەوە. راشیگەیابد، سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، هەوڵدەدەن پێداویستییەکانی کڕیارەکانیان دابین بکەن و بۆ پاراستنی کارمەند و کەشتییەکانیشیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن.
تەنگەی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز.
لە ساڵی 2025ـدا، رۆژانە بە تێکڕا نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان، بەو رێڕەوەدا تێدەپەڕین؛ کە ئەمەش دەکاتە نزیکەی پێنجیەکی نەوتی جیهان کە لە رێگەی دەریاوە دەگوازرێتەوە. زۆربەی ئەم نەوتەش بەرەو چین، هیندستان، ژاپۆن و کۆریای باشوور دەڕوات. هەروەها بڕێکی زۆر لە گازی سرووشتیی شلکراویش بە هەمان رێڕەودا تێدەپەڕێت.
بەڵام لە دەستپێکی جەنگەکەوە، جووڵەی بازرگانی لە تەنگەکەدا بەشێوەیەکی مەترسیدار دابەزیوە. پێش جەنگەکە، رۆژانە نزیکەی 70 بۆ 100 کەشتی و هەندێک خەمڵاندن دەڵێن 130 کەشتی بەوێدا تێدەپەڕین. بەڵام ئێستا، تێپەڕبوونی رۆژانە بۆ تەنیا 10 بۆ 14 کەشتی لە باشترین رۆژەکاندا دابەزیوە، تەنانەت لە هەندێک رۆژدا تەنیا 1 بۆ 3 کەشتی تێپەڕیون.
هەرچەندە ئیمارات، بەشێک لە نەوتەکەی لە رێگەی بۆرییەوە دەگوازێتەوە بۆ بەندەری فوجەیرە، بەڵام کۆمپانیای ئەدنۆک هێشتا ناچارە بەشێک لە نەوتەکەی بە کەشتییە زەبەلاحەکانی و بەنێو تەنگەی هورمزدا هەناردە بکات، سەرەڕای ئەو مەترسییە گەورانەی کە رووبەڕووی دەبنەوە.

