رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ شەفافیی دارایی بڵاوکردەوە. لە ناوچەکەدا تورکیا مەرجە سەرەکییەکانی شەفافیی جێبەجێ کردووە، بەڵام عێراق نەیتوانیوە مەرجەکان جێبەجێ بکات؛ هاوکات سووریاش لە دەرەوەی لیستی هەڵسەنگاندنەکان ماوەتەوە. راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ساڵی 2026، هەڵسەنگاندنی بۆ 140 حکومەت و لایەن کردووە کە لە ساڵی 2014ـەوە هاوکارییەکانی ئەمریکا دەیانگرێتەوە. لەو ژمارەیە، 73 حکومەت مەرجە هەرە سەرەکییەکانی شەفافیی داراییان جێبەجێ کردووە و 67 حکومەتیش مەرجەکانیان تێدا نەبووە. تورکیا؛ لە لیستی وڵاتە شەفافەکاندایە بەگوێرەی راپۆرتەکە، تورکیا لە ریزی ئەو وڵاتانەدایە کە مەرجە سەرەکییەکانی شەفافیی داراییان بۆ ساڵی 2026 جێبەجێ کردووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە حکومەتی تورکیا بەڵگەنامە سەرەکییەکانی بودجەی بۆ رای گشتی بڵاوکردووەتەوە و زانیارییەکان تاوەکو ئاستێکی زۆر تەواو و جێگەی متمانە بوون. هەروەها تورکیا توانیویەتی مەرجەکانی پەیوەست بە گرێبەستەکانی کەرتی دەرهێنانی سامانی سرووشتی و وردبینیی سەربەخۆ جێبەجێ بکات. عێراق؛ شەفافیەت کەمە و مەرجەکان جێبەجێ نەکراون وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەڵسەنگاندنە وردەکەیدا بۆ عێراق دەڵێت، ئەو وڵاتە نەیتوانیوە مەرجە سەرەکییەکان جێبەجێ بکات و "هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاویشی" لە ماوەی ساڵی 2025دا بەدەست نەهێناوە. راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، هەرچەندە حکومەتی عێراق بودجەی پەسندکراو و راپۆرتی کۆتایی ساڵی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام "پێشنیازی بودجەی جێبەجێکردن"ـی بڵاو نەکردووەتەوە. هەروەها بودجەی عێراق زانیاریی وردی لەسەر تەرخانکردنی پارە بۆ کۆمپانیا گەورەکانی دەوڵەت و داهاتەکانیان تێدا نییە. خاڵێکی دیکەی رەخنەی ئەمریکا لە عێراق ئەوەیە کە بودجەکە بەپێی پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان ئامادە نەکراوە و دەزگای باڵای وردبینی (دیوانی چاودێریی دارایی) مەرجە نێودەوڵەتییەکانی سەربەخۆیی تێدا نییە، بەتایبەتی لە وردبینیکردنی تەواوی خەرجییەکانی ساڵانە و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەکان. واشنتن چەند پێشنیازێکی بۆ عێراق کردووە، لەوانە: بڵاوکردنەوەی پێشنیازی بودجەی جێبەجێکردن لە کاتێکی گونجاودا. بڵاوکردنەوەی زانیاریی وردی قەرزەکان، بە قەرزی کۆمپانیاکانی سەر بە حکومەتی عێراقیشەوە. ئامادەکردنی بودجە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان. زامنکردنی سەربەخۆیی دەزگای باڵای وردبینی بۆ ئەوەی بتوانێت چاودێریی تەواوی بودجەی جێبەجێکراو بکات. سووریا و ئێران لە کوێی راپۆرتەکەدان؟ سەبارەت بە سووریا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە روونی ئاماژەی بەوە کردووە کە سووریا لەگەڵ چەند وڵاتێکی وەک بۆلیڤیا و ڤەنزوێلا، لەو حکومەتانەن کە لەم کاتەدا هەڵسەنگاندنیان بۆ ناکرێت (چونکە هاوکارییە داراییە فەرمییەکانی ئەمریکا نایانگرێتەوە یان بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە لە دەرەوەی پرۆسەکەن). سەبارەت بە ئێرانیش، ناوی ئەو وڵاتە لە لیستی ئەو 140 وڵاتەدا نییە کە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە، چونکە ئەم راپۆرتە تەنیا ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە هاوکاریی دارایی لە ئەمریکا وەردەگرن یان بەپێی یاسای ساڵی 2014 دیاریکراون.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست11-08-2026حکومەتی یەمەن: لە ئەنجامی هێرشێکی حوسییەکان بۆسەر کەشتییەک لە دەریای سوور 4 کەس کوژران