رووداو دیجیتاڵ
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، هێزەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا بە بەکارهێنانی ژمارەیەکی زۆر مووشەکی بالیستی و درۆن، چەندین ئامانجی ستراتیژیی هێزەکانی سعودیەیان لە ناوخۆی یەمەن پێکاوە و زیانی گیانیی گەورەیان لێ کەوتووەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 11ی ئابی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمیی گوتەبێژی حووسییەکان، هێرشەکان ناوچەی مەخا و کەمپی تەداوینیان لە پارێزگای مەئریب کردووەتە ئامانج. سەریع ئاماژەی بەوە کرد، "شوێنی کۆبوونەوەی هێزەکان، کۆگاکانی چەک و بارەگای فەرماندەیی دوژمنی سعودی" کراونەتە ئامانج.
یەحیا سەریع گوتی، لێدانەکان زۆر ورد بوون و بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان سەرباز، کە بە گوتەی ئەو ژمارەیەک سەربازی سعودیشیان لەنێودایە. ئەو گوتیشی: "ئەم سەرکەوتنە بە فەزڵی خودا و وردیی هێرشەکانمان بووە."
گوتەبێژی حووسییەکان دووپاتی کردەوە کە هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ لێدانی هەموو ئەو شوێنانەی هێزە سعودییەکانی لێ کۆکراوەتەوە، ئەوەش وەک رێگرییەک لە هەر هەوڵێکی سعودیە بۆ "پەرەپێدانی شەڕ و کۆنتڕۆڵکردنی وڵات."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا سەریع گوتی، هۆشداری دەدەنە ئەو یەمەنییانەی کە لە ریزی هێزەکانی سعودیەدان و بە "خەڵەتێنراو و خاین" وەسفی کردن، داوای لێکردن "پێش ئەوەی کات بەسەر بچێت، مەیدانی هاوکاریکردنی دوژمن جێبهێڵن.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، ئاگربەستە چەند ساڵەکەی نێوان حووسییەکان و حکومەتی یەمەن مانگی رابردوو بە تەواوی هەرەسی هێنا، ئەوەش بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا.
تێکچوونی رێککەوتنی ئاشتیی ساڵی 2022، کە بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرا، هاوکات بوو لەگەڵ راگەیاندنی گەمارۆی دەریایی لەلایەن حووسییەکانەوە بۆسەر بەندەرەکانی سعودیە و لێدانی ژێرخانی نەوتی ئەو وڵاتە. ئەم هەنگاوەی حووسییەکان وەک پاڵپشتییەک دەبینرێ بۆ ئێران کە لە هەمان کاتدا تەنگەی هورمزی داخستووە و رێگری لە هەناردەی وزەی جیهانی دەکات.
حووسییەکان گەمارۆکەیان دوای ئەوە بەسەر کەشتییەکانی ریاز سەپاند کە هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا. هێرشەکە لە سەرەتای مانگی تەممووز بوو، ئەمەش لە کاتێکدا شاندێکی حووسییەکان لە ئێرانەوە دەگەڕایەوە وڵاتەکەیان.


.jpg&w=3840&q=75)
