رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ هێرشی تووند دەکاتە سەر شێوازی دانوستاندنی بەرپرسانی ئێران و بە "فێڵباز" و "ناڕاستگۆ" ناویان دەبات. سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، واشنتن سێ ستراتیژی جیاوازی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران لەبەردەستە، لەنێویاندا هێرشی سەربازیی زۆر تووند.
رۆژی سێشەممە، 11ی ئابی 2026، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی، تیشکی خستە سەر دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران و گوتی: "ئەوان دانوستاندنکاری زۆر فێڵبازن، چونکە لەسەر شتێک رازی دەبن، بەڵام دواتر دەچنە دەرەوە و بە راگەیاندنەکان دەڵێن کە وایان نەکردووە". ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، بەرپرسانی ئێران "کەسانی زۆر ناڕاستگۆن."
ترەمپ ئاماژەی بە سێ بژاردە کرد کە دەکرێ ئەمریکا پەیڕەویان بکات لە بەرامبەر ئێران، کە ئەوانیش:
- بەردەوامبوون لەسەر دۆخی ئێستا و گوتی "تەنیا چاودێریی ئەوە دەکەین چۆن رژێمەکە بەرەو شکست دەچێت، چونکە نەتەوەکەی خۆیان بە بارمتە گرتووە."
- بژاردەی سەربازی: هێرشکردنە سەریان بە شێوەیەکی "زۆر زۆر تووند."
- گوشاری ئابووری: ئێستا واشنتن لەسەر جێبەجێکردنی بەردەوامە.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی ئێران، ترەمپ وێنەیەکی تەڵخی کێشا و گوتی: "ئەوان هەڵاوسانی 300٪یان هەیە و دراوەکەیان هیچ بەهایەکی نەماوە. تەنانەت ناتوانن مووچەی سەربازەکانیشیان بدەن و سەربازەکانیان رادەکەن."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دۆخە گەیشتووەتە قۆناخێک کە شکستی ئێران مسۆگەرە.
گوتەکانی ترەمپ لە کاتێکدان، دوێنێ مایک وۆڵتز، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەوەی ئێرانییەکان ناچار بە جێبەجیکردنی مەرجەکانی وڵاتەکەی دەکات گوشاری ئابوورییە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، گوشارە ئابوورییەکان کاریگەری زیاتریان لە جەنگ هەبووە.
نوێنەری ئەمریکا لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی ئابووری، کە لەلایەن وەزیر سکۆت بێسێنتەوە (وەزیری گەنجینەی ئەمریکا) سەرپەرشتی دەکرێ، ئابووریی ئێران وێران دەکات"؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێرانییەکان ئێستا زیاتر لە وەزیر بێسێنت دەترسن، نەوەک وەزیر هیگسەس (پێت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا)".
بە گوێرەی ناوەندی ئاماری ئێران، ئێستا رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکەیان 66٪ە.
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر وڵاتانی دراوسێی و لە رۆژی 2ی ئاداریشەوە تەنگەی هورمزی داخست.



