رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی یەمەن رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی حووسییەکانی یەمەن بۆسەر کەشتییەکی بارهەڵگر لە نزیک تەنگەی بابل مەندەب، لانیکەم پێنج کەس کوژراون. ئەمە نوێترین هێرشە بۆسەر کەشتییەکان لە دەریای سوور، دوای ئەوەی مانگی رابردوو حووسییەکان گەمارۆیەکی دەریاییان دژی سعودیە لەو رێرەوە ئاوییە راگەیاند.
رۆژی سێشەممە، 11ی ئابی 2026، وەزارەتی گواستنەوەی یەمەن، حووسییەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی بە "سێ مووشەکی بالیستیی یەک لە دوای یەک" کەشتییەکی بارهەڵگریان بە ناوی (تیهامە) کردووەتە ئامانج، کاتێک لە کەناراوەکانی باشووری یەمەن بە تەنگەی بابل مەندەبدا تێپەڕبووە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، کەشتییەکە باری خۆراکی پێ بووە و بەهۆی هێرشەکەوە ئاگری گرتووە، لە ئەنجامدا چوار ئەندامی ستافی کەشتییەکە (سێ پاکستانی و یەک ئیندۆنیزی) کوژراون و چوار کەسی دیکەیش بریندار بوون.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، ئاگربەستە چەند ساڵەکەی نێوان حووسییەکان و حکومەتی یەمەن مانگی رابردوو بە تەواوی هەرەسی هێنا، ئەوەش بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا.
تێکچوونی رێککەوتنی ئاشتیی ساڵی 2022، کە بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرا، هاوکات بوو لەگەڵ راگەیاندنی گەمارۆی دەریایی لەلایەن حووسییەکانەوە بۆسەر بەندەرەکانی سعودیە و لێدانی ژێرخانی نەوتی ئەو وڵاتە. ئەم هەنگاوەی حووسییەکان وەک پاڵپشتییەک دەبینرێ بۆ ئێران کە لە هەمان کاتدا تەنگەی هورمزی داخستووە و رێگری لە هەناردەی وزەی جیهانی دەکات.
حووسییەکان گەمارۆکەیان دوای ئەوە بەسەر کەشتییەکانی ریاز سەپاند کە هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا. هێرشەکە لە سەرەتای مانگی تەممووز بوو، ئەمەش لە کاتێکدا شاندێکی حووسییەکان لە ئێرانەوە دەگەڕایەوە وڵاتەکەیان.


.jpg&w=3840&q=75)
