رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، دیدارەکەی ئەم دواییەی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، "نزیکەی حەوت کاژێر"ی خایاندووە و تێیدا تاوتوێی سەرجەم پرسە گرنگەکانی وڵاتیان کردووە. پزیشکیان راشیگەیاند، رێبەری نوێی ئێران لەڕووی جەستەیی و تەندروستییەوە سەلامەتە و هیچ کێشەیەکی نییە.
مەسعود پزیشکیان ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە لێدوانێکدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی تیشکی خستە سەر وردەکاریی کۆبوونەوەکەی ئەم دواییەی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و رایگەیاند: "کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە" و تاوتوێی سەرجەم پرسە گرنگەکانی وڵاتیان کردووە.
پزیشکیان دەڵێت: "کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو. نزیکەی حەوت کاژێر لە خزمەتیدا بووین. توانیمان پێکەوە باسی هەموو پرسەکانی وڵات بکەین. بێگومان، سەرەکیترین ئەو نیگەرانییانەی کە لەوێدا خرانەڕوو؛ بژێوی خەڵک، دۆخی بازاڕ، هەلی کار، کێشەی نیشتەجێبوونی خەڵک و ئەو گرفتانە بوون کە ئێستا بەهۆی گەمارۆکانەوە دروست دەبن."
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، لەو کۆبوونەوە درێژەدا پرسی "چۆنیەتی خۆڕاگری، وەستانی گەل لەگەڵ حکومەتدا و پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی" بە شێوازێکی تێروتەسەل گفتوگۆیان لەسەر کراوە.
هاوکات، پزیشکیان لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا لەگەڵ سکرتێری گشتیی حیزبەکانی ئێران، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە لەسەر دۆخی تەندروستیی رێبەری نوێ بڵاوبوونەتەوە و رایگەیاند: "لە رووی تەندروستییەوە تەواو سەلامەت بوو. کەسێک کە بتوانێت لەوێ دابنیشێت و حەوت کاژێر یان هەشت کاژێر گفتوگۆ بکات، ناتوانێت مرۆڤێکی نەخۆش یان کێشەدار بێت. زۆر بە ئاسوودەیی گوێی لە قسەکانمان دەگرت، گفتوگۆی دەکرد و قسەی دەکرد."
ئەم لێدوانانەی سەرۆککۆماری ئێران لە کاتێکدان، لە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران و دەستنیشانکردنی موجتەبا خامنەیی وەکو رێبەری نوێی ئەو وڵاتە، هیچ وێنە، دەنگ یان ڤیدیۆیەکی نوێ لە موجتەبا خامنەیی بڵاو نەکراوەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 9ی ئابی 2026، نووسینگەی موجتەبا خامنەیی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دیدارەکە هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی سێیەم ساڵی سەرۆکایەتیی مەسعود پزیشکیان بووە، بەڵام ئاماژە بە رۆژ و کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە نەکرد.
بەپێی راگەیێندراوەکە، "هەردوولا بە تێر و تەسەلی باسی کێشە و گرفتەکانی ئێرانیان کردووە، بەتایبەت دابینکردنی بژێویی ژیانی خەڵک، چارەسەرەکان بۆ دابینکردنی سەرچاوە داراییەکان، بەڕێوەبردنی خەرجییەکانی ریاڵ، دراوی بیانی و وزە و هەروەها پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان."
نووسینگەی رێبەری ئێران جەختیشی کردووەتەوە لە دیدارەکەدا "بارودۆخی ئێستای جەنگی سەپێندراوی سێیەم، ئاسۆی داهاتوو و گۆڕانکارییەکانی بواری سەربازی" تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانیان بووە.
تاوەکو ئێستا هیچ وێنە، دەنگ یان گرتەیەکی ڤیدیۆیی تایبەت بە دیدارەکەی مەسعود پزیشکیان لەگەڵ موجتەبا خامنەیی بڵاو نەکراونەتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)
