رووداو دیجیتاڵ
ئاڤی دیختەر، وەزیری کشتوکاڵی ئیسرائیل و ئەندامی کابینەی ئەمنیی ئەو وڵاتە، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە واژۆکردنی "رێککەوتنی مەککە" لەنێوان سعودیە، تورکیا و پاکستان دەربڕی و بە رێککەوتنێکی "پڕ کێشە" بۆ ئیسرائیل ناوی برد.
رۆژی دووشەممە 10ی ئابی 2026، دیختەر لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی ئاماژەی بە گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا کرد و گوتی: "پێشتر میحوەری ئێرانی-عێراقی-سووری-لوبنانی هەبوو کە توانیمان تێکی بشکێنین و سووریا و لوبنان لەو یارییە چوونە دەرەوە، بەڵام ئێستا رووبەڕووی هاوپەیمانییەکی دیکە بووینەتەوە."
وەزیرە ئیسرائیلییەکە دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت میسریش لە ئاییندەیەکی نزیکدا پەیوەندی بەم هاوپەیمانییەی نێوان پاکستان، سعودیە و تورکیاوە بکات.
یەکێک لە خاڵە هەرە جێگەی بایەخەکانی ئەم هاوپەیمانییە لای ئیسرائیل، پرسی توانای سەربازیی پاکستانە. ئاڤی دیختەر گوتی: "ئەمە وا دەکات زۆر زۆر وریابین. پاکستان وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمییە و لەسەر ئەم پرسە پێویستە هەمیشە چاوکراوە و ئامادە بین."
وەزیری کشتوکاڵی ئیسرائیل پێیوایە دروستبوونی ئەم بەرە نوێیە لە ناوچەکەدا، پێویستیی ئیسرائیل بۆ هەبوونی هاوپەیمانییەکی ستراتیژی لەگەڵ زلهێزێکی جیهانیی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر دەکات، تاوەکو بتوانن رووبەڕووی لێکەوتە ئەمنییەکانی ئەم رێککەوتنە ببنەوە.
رۆژی یەکشەممە، 9ی ئابی 2026، ئامیچای شیکلی، وەزیری کاروباری دیاسپۆرای ئیسرائیل، "رێککەوتنی مەککە"ی نێوان سعودیە، تورکیا و پاکستانی بە "پێشهاتێکی زۆر مەترسیدار و نیگەرانکەر" بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل وەسف کردبوو.
شیکلی لە لێدوانێکدا سەبارەت بە واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە و لێکەوتەکانی بۆ سەر ئیسرائیل بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند: "هاوپەیمانیی مەککە پێشهاتێکی زۆر نیگەرانکەر و مەترسیدارە. سعودیە پێشتر تا رادەیەکی زۆر بێلایەن مابووەوە؛ هەرچەندە رێککەوتنێکی بەرگریی لەگەڵ پاکستان هەبوو، بەڵام ئێستا کە خۆی لەگەڵ تورکەکان هاوتەریب دەکات، ئەمە بۆ ئێمە زۆر خراپە."
وەزیری کاروباری دیاسپۆرا ئاماژەی بەوەش کرد کە تورکیا ئێستا لە "رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ"دایە لەگەڵ ئیسرائیل و هۆشداریی دا کە ئەم ململانێیە دەکرێت پەرەبسێنێت و لێکەوتەی زۆر سەختی لە ناوچەی دەریای ناوەڕاست و بەرەی سووریادا هەبێت.
ئامیچای شیکلی ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە ئیسرائیل هاوپەیمانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی وەک یۆنان، قوبرس، ئیمارات و سۆمالیلاند قووڵتر و بەهێزتر بکات بۆ دروستکردنی هاوسەنگیی هێز.
رێککەوتنی مەککە چییە؟
رێککەوتنی مەککە لە 7ی ئابی 2026 لە شاری مەککە لە نێوان سعودیە، تورکیا و پاکستان واژۆ کرا. یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی رێککەوتنەکە ئەوەیە کە "هێرشی چەکداری بۆ سەر هەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر هەموویان هەژمار دەکرێت"، کە ئەمەش هاوشێوەی ماددەی پێنجەمی پەیمانی ناتۆیە بۆ بەرگریی هاوبەش.
دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند، دەکرێت ئەم هاوپەیمانییە فراوانتر بکرێت و وڵاتانی دیکەی وەک میسریش بگرێتەوە. راشیگەیاند، رێککەوتنەکە دژی هیچ وڵاتێکی دیاریکراو نییە.



