رووداو دیجیتاڵ
حوسییەکان رایانگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگری سعوودی، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە گرووپەکە بەسەر سعودیەدا سەپاندوویەتی.
رۆژی چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، "کەشتیی نەوتهەڵگری سعوودی 'وەفا' لە باکووری دەریای سوور و لە بەرامبەر کەناراوەکانی یەنبۆع، بە چەند مووشەکێکی بالیستی بە ئامانج گیراوە."
یەحیا سەریع لە راگەیێندراوێکی دیکەدا ئاماژەی بەوەکرد، حوسییەکان کەشتیی نەوتهەڵگری "دەیزی"ـیان لە کەنداوی عەدەن بە مووشەکێکی بالیستی پێکاوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئەو گرووپە، ئەمە نۆیەمین کەشتیی نەوتهەڵگری سعودیەیە، کە لەوکاتەوەی گەمارۆکە لە مانگی رابردوودا دەستیپێکردووە، دەکرێنە ئامانج.
حوسییەکان رایانگەیاندووە کە هێرشەکانیان بۆ باکووری دەریای سوور زیاددەکەن، چونکە سعوودیە بەهۆی گەمارۆکەوە ئاراستەی کەشتییەکانی بۆ ئەو ناوچەیە گۆڕیوە. ئەم گەمارۆیە بووەتە هەڕەشە بۆ سەر توانای سعوودیە بۆ گەیاندنی نەوت بە بازاڕەکانی جیهان، بەتایبەت دوای ئەوەی ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە.
بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، بەندەری یەنبۆع لەسەر دەریای سوور بووەتە رێڕەوی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی سعودیە و تەنگەی بابولمەندەبیش بووەتە رێگەیەکی یەکجار هەستیار بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمپانیای کێپلەر بۆ چاودێریی کەشتیوانی، هەناردەی نەوتی سعودیە لە رێگەی تەنگەی بابولمەندەبەوە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا گەیشتووەتە نزیکەی 100 ملیۆن بەرمیل، لەکاتێکدا لە مانگی شوباتدا تەنیا حەوت ملیۆن بەرمیل بووە.



