رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی رەزامەندیی لەسەر ئەو پلانە نەداوە کە ئەمریکا بۆ غەززە پێشنیازیکردووە، تەنانەت دوای ئەوەی دڵنیایی پێدراوە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل تەنیا دوای چەککردنی حەماس دەبێت.
رۆژی چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، نەتانیاهوو لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، گوتی، "تیمی ترەمپ پێیانوایە دەتوانن حەماس چەکبکەن و غەززە لە چەک داماڵن. ئێمە خەریکی لێکۆڵینەوەین لەمە، ئەوان رەشنووسێکیان بۆ ناردووین، بەڵام ئێمە رەزامەندیمان لەسەر نەداوە و ئەوە رەشنووسی ئێمە نییە، تەنیا تێبینییەکانی خۆمان بۆ ناردوون."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا رووبەڕووی هەڵبژاردنێکی سەخت دەبێتەوە، ئاماژەی بەوەکرد دۆناڵد ترەمپ "گەورەترین دۆستی ئێمەیە"، بەڵام جەختیکردەوە کە "بوونی ئیسرائیل جێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن نییە."
هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانە، گوشارێکی زۆر لەلایەن باڵی راستڕۆی هاوپەیمانێتییەکەیەوە لەسەر نەتانیاهوو هەیە. بێزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی و ئۆریت سترووک، وەزیری نیشتەجێکردن داوای دەنگدانێکی نوێیان کردووە بۆ رەتکردنەوەی پلانەکە و دەڵێن ئەوەی پێشنیازکراوە گوزارشت لە بڕیارەکانی کابینەی حکومەت ناکات.
لەلایەکی دیکەوە، حەماس پابەندیی خۆی بەو نەخشەڕێگەیەی کە هەفتەی رابردوو لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکرایەوە دووپاتکردەوە، کە تێیدا باس لە رادەستکردنی چەکەکانی حەماس و کشانەوەی ئیسرائیل دەکرێت. حازم قاسم، گوتەبێژی حەماس داوای لە ئیدارەی ترەمپ کرد گوشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی پابەندی رێککەوتنەکە بێت.
بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکانی ئیسرائیل، گوشارەکانی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکان لە غەززە ئەنجامی هەبووە، فەرماندەی سوپا بڕیاریداوە کە هێزەکان تەنیا دوای وەرگرتنی رەزامەندیی سەرۆکی دەستەی ئەرکانی سوپا هێرشبکەن، مەگەر ئەوەی لە "مەترسییەکی هەنووکەییدا" بن.
جەنگی غەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکرد و لەوکاتەوە 1221 کەس لە ئیسرائیل و زیاتر لە 73 هەزار کەس لە غەززە کوژراون.



