رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری وزەی ئێران دەڵێت، ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ژێرخانی کارەبای وڵاتەکە، ئامادەیی تەواویان بۆ گەڕاندنەوەی وێستگەکانی کارەبا هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەئامانجگرتنی وێستگەکان ''تاوانی جەنگ''ـە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 02-08-2026، مستەفا رەجەبی مەشهەدی، جێگری وەزیری وزەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لە ئەگەری هێرشکردنی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی کارەبا، ''ئامادەیی تەواو''ـیان هەیە وێستگەکان بگەڕێننەوە نێو بازنەی بەرهەمهێنان و گرفتەکان چارەسەر بکەن.
مستەفا رەجەبی مەشهەدی بە ئامانجگرتنی وێستگەکانی کارەبا بە ''تاوانی جەنگ'' دەزانێت و دەڵێت، ''ئەگەر نەگەڕێندرێنەوە نێو بازنەی بەرهەمهێنان، بە ئامانجگرتنیان کێشە بۆ ناوەندە تەندروستی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان دروست دەکات.''
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار هەڕەشەی بەئامانجگرتنی ژێرخانی کارەبا و رێگەوبانی ئێرانی کردووە، ئەگەر بەرپرسانی وڵاتەکە نەچنە ژێرباری رێککەوتن. جێگری وەزیری وزەی ئێران گوتی: ''پێویستە بە لەبەرچاوگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، رێگری لە هێرشکردنە سەر وێستگەکانی کارەبا بکرێ.''
بەرەبەیانی ئەمڕۆش ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ نووسی، لەلایەن ئێران و چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە داوای لێکراوە هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکەی رابگرێت تاوەکو دەرفەت بۆ رێککەوتن بڕەخسێت.
لە بەشێکی پەیامەکەی سەرۆکی ئەمریکادا ئەوەش هاتووە، مەرجی راگرتنی هێرشەکانی سەر ئێران ئەوەیە کە رێککەوتنێک بکرێ بۆ کردنەوەی دەستەجێ، تەواوەتی و هەمیشەیی تەنگەی هورمز و کۆتاییهێنان بە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران.



