رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی پڕۆژەیاسای پەیماننامەی دۆخی یاسایی دەریای قەزوێنی رەوانەی پەرلەمان کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئامانج لێی رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی کەناراو و رێگریکردنە لە ''دەستوەردان''ـی وڵاتانی دەرەکی لە کاروباری دەریاکە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 02-08-2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە پرۆژەیاسای پەیماننامەی دۆخی یاسایی دەریای قەزوێن بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ناردنی ئەم پەیماننامەیە بۆ پەرلەمان و پەسندکردنی، هەنگاوێکی گرنگە بۆ تەواوکردنی پرۆسە یاساکانی پەیوەست بە دەریاکە، ''ئەمەش زەوینە بۆ هاوئاهەنگیی زیاتری نێوان ئێران و وڵاتانی دیکەی کەناراوی خۆش دەکات."
ئیسماعیل بەقایی ئاماژەی بە هەوڵی رێگری لە دەستوەردانی وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکە کرد لە بەڕێوەبردنی دەریای قەزوێندا و گوتی: ''بوونی چوارچێوەیەکی یاسایی روون، جگە لە ئاسانکاری بۆ هاوکارییە ناوچەییەکان، دەبێتە رێگر لە بەردەم هەر ئەگەرێکی خراپ بەکارهێنانی دەریاکە لە نەبوونی یاسادا.''
سەبارەت بە رێکارە یاساییەکانی پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد: "حکومەت پڕۆژەیاساکەی پەسند کردووە و گفتوگۆی پێویست لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان کراوە. بڕیارە خوێندنەوەی خێرای بۆ بکرێ و هیوادارین لە زووترین کاتدا پەسند بکرێت."
پەیماننامەی دۆخی یاسایی دەریای قەزوێن، یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی نێوان وڵاتانی کەناراویی دەریاکە کە بریتین لە ئێران، رووسیا، کازاخستان، تورکمانستان و ئازەربایجان.
بەگوێرەی زانیارییەکان، پەیماننامەکە درێژکراوەی رێککەوتننامەی ساڵی 2018ـی نێوان ئەو وڵاتە کەناراوییانەیە (ئاکتائۆ)، بەو جیاوازییەی کە بڕگەی دیاریکردنی سنوورەکانی ئاوی لێ لادراوە کە پێشتر خاڵی سەرەکیی ناکۆکیی نێوان ئێران و وڵاتانی دیکەی کەناراوی، بەتایبەتی ئازەربایجان بوو و ئەو بڕگەیە هێڵدراوەتەوە بۆ دانوستاندنەکانی داهاتوو.
سەرەڕای ئەوەی حکومەتی ئێران رایگەیاندووە، پەیماننامەی دۆخی یاسایی دەریای قەزوێن بۆ دروستکردنی هاوئاهەنگیی زیاتر لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و رێگریکردنە لە دەستوەردانی وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکە، بەڵام ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران بە ''پاشەکشەی ستراتیژی'' ناوی دەهێنن.
ناردنی پڕۆژەیاساکە بۆ پەرلەمانی ئێران بە مەبەستی رێگری لە ''دەستوەردان''ـی وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکە لە بەڕێوەبردنی دەریای قەزوێن لەکاتێکدایە، ئەمریکا بەردەوامە لە گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی باشووری ئێران.
بەرپرسانی ئێرانی چەندین جار رایانگەیاندووە، بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی، دەیانەوێت سنوورە ئاوی و وشکانییەکانی باکووری وڵاتەکە، وەک شوێنگرەوەی بەندەرەکانی باشوور بەکاربهێنن.



