رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن و تەلئەڤیڤ رێککەوتوون لەسەر دواخستنی هەر هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران، بەو مەرجەی بە زووترین کات رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی پێنج مانگەی نێوانیان واژۆ بکرێت.
رۆژی یەکشەممە، 2ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ نووسی، "سوپای ئەمریکا لەوپەڕی ئامادەباشیدایە و هێزێکی سەربازیی وای هەیە کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە هاوشێوەی نەبووە، بەڵام بڕیاریداوە هێرشەکە رابگرێت."
مەرجەکانی رێککەوتنە نوێیەکە
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، لەلایەن ئێران و چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە داوای لێکراوە هێرشەکە رابگرێت تاوەکو دەرفەت بۆ رێککەوتن بڕەخسێت.
ترەمپ دەربارەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە گوتی: "دەبێت رێککەوتنەکە کردنەوەی دەستەجێ، تەواوەتی و هەمیشەیی تەنگەی هورمز لەخۆبگرێت، لەگەڵ کۆتاییهێنان بە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران." هەروەها رایگەیاند، ئیسرائیلیش لەم بڕیارەدا لەگەڵ ئەمریکا هاوڕایە.
هەوڵەکان بۆ رێگری لە تەقینەوەی دۆخەکە
پێشتر میدیاکانی ئەمریکا، لەوانەش (سی بی ئێس)، بڵاویانکردبووەوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل پلانیان هەبووە لەم هەفتەیەدا هێرشێکی هاوبەش بکەنە سەر پاڵاوگەکانی نەوت و وێستگەکانی کارەبای ئێران، ئەمەش دوای ئەوەی ترەمپ هەڕەشەی لێدانی "زۆر تووندی" لە تاران کردبوو.
هاوکات ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) بڵاویکردەوە، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنیشینی سعودیە، رۆژی شەممە پەیوەندیی بە ترەمپەوە کردووە و نیگەرانیی خۆی لەبارەی زیادبوونی گرژییەکان دەربڕیوە و داوای لێکردووە هێرشەکە نەکات.
شەڕی ئەمریکا، ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە و ماوەی پێنج مانگە بەردەوامە. ترەمپ دەڵێت، بۆ بەرژەوەندیی جیهان و "مانەوەی ئێران وەک وڵاتێکی سەرکەوتوو" ئامادەیە هێرشەکە هەڵبوەشێنێتەوە، بەو مەرجەی لایەنەکان بە خێرایی بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.



