رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی ئێران پێشنیازێک دەخاتەڕوو و دەڵێت: ''بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری بەردەوامبوونی جەنگ، پێویستە لە ناوەندی پارێزگاکان شاری بەڕێوەبردن لە ژێرزەوی دروست بکرێ.''
عەلی خزریان، ئەندامی پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی وڵاتەکەی، بۆ کۆنترۆڵی زیاتری دۆخی جەنگ پێشنیازی دروستکردنی ژمارەیەک تونێلی لە پارێزگاکان خستەڕوو، کە وەک (شاری بەڕێوەبردن) ناویان دەهێنێت.
عەلی خزریان پێشنیازەکەی زیاتر روونکردەوە و رایگەیاند، مەبەست لە شاری بەڕێوەبردن ئەوەیە کە لە کاتی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ''بتوانین بەرپرسانمان لە کۆمەڵگە و شوێنە پارێزراوەکانی نێو شاخەکان، ژێرزەوی و شوێنە جیاوازەکاندا بە سەلامەتی بپارێزین.''
ئەو پەرلەمانتارەی ئێران بۆ جێبەجێکردنی پێشنیازەکەی، داوا لە حکومەت و قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران دەکات کەرەستەی پێویست و بودجە تەرخان بکەن.
تونێلەکانی هاوشێوەی پێشنیازەکەی خزریان لە تاران دەبیندرێن. لە ژێر پایتەختی ئێران، چەندین تۆڕی تونێل بە مەبەستی جیاجیا دروست کراون.
لە کاتی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، چەندین پەناگەی گەورە لە گەڕەکە جیاوازەکانی تاران دروست کران. هەندێک لە پەناگەکان تاوەکو ئێستاش ماون و وەک کۆگە یان شوێنی وەرزشی بەکاردەهێنرێن.
هەروەها بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی سڤیلی ئێران، تاران خاوەنی تۆڕێکی تایبەتە بە ناوی (تونێلەکانی فریاگوزاری) یان (بونیاتنانی بەرگریی سڤیل).
ئەم تونێلانە بۆ ئەوەن، ئەگەر لە کاتی جەنگ یان بوومەلەرزەدا رێگەکانی سەرزەوی داخران، بتوانرێ یارمەتی، دەرمان و هێزە ئەمنییەکان لە ژێرزەوییەوە بگوازرێنەوە بۆ ناوچە جیاوازەکان.



