رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی زانکۆی هورمزگانی باشووری ئێران رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە، نزیکەی حەوت ملیار تمەن زیان بە باڵەخانەکانی تاقیگە، بەشە ناوخۆییەکان، هۆڵەکانی وەرزشی و وانەگوتنەوەی زانکۆکە کەوتووە.
ئەمڕۆ هەینی 31-07-2026، مەهدی میرزادە، سەرۆکی زانکۆی هورمزگانی باشووری ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر پارێزگاکە، زۆرترین زیان بە زانکۆکە کەوتووە.
بەگوتەی مەهدی میرزادە، خەمڵاندنە سەرەتاییەکان دەریدەخەن، قەبارەی زیانەکان زیاترە لە حەوت ملیار تمەن و زۆربەی باڵەخانەکانی تاقیگە، بەشە ناوخۆییەکان، هۆڵەکانی وەرزشی و وانەگوتنەوەی زانکۆی هورمزگان تێکدراون.
سەرۆکی زانکۆی هورمزگان ئاماژەی بەوە کرد، لە هەوڵی دابینکردنی سەرچاوەیەکی داراییدان، بۆ ئەوەی پێش دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، باڵەخانەکانی زانکۆکە نۆژەن بکرێنەوە.
وەک مەهدی میرزادە دەڵێت، لە وەرزی رابردووی خوێندندا وانەکان و تاقیکردنەوەکان لە هەموو قۆناخەکاندا بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوون و دوای هێرشەکانی ئەمریکا، ئامادەبوونی خوێندکاران لەنێو زانکۆدا رێگەپێدراو نەبوو.
سەرۆکی زانکۆی هورمزگان ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکادا، خوێندکارێک و مامۆستایەکی زانکۆکەش کوژراون، ''بەڵام ئەم رووداوە لەنێو زانکۆدا رووینەداوە، بەڵکو لە هێرشەکانی سەر ناوچەکانی دیکەی ناوەندی پارێزگاکە بووە.''
بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی، هاوسنووربوونی لەگەڵ تەنگەی هورمز و گرنگیی پارێزگاکە لە بواری نەوت و گازەوە، زۆرترین هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هورمزگان بوون.
بەگوتەی ئەحمەد نەفیسی، جێگری پارێزگاری هورمزگان، لە 11ـی تەممووزەوە لانیکەم بە 14 قۆناخ هێرش کراوەتە سەر پارێزگاکە کە جیا لە زیانە مادییەکان، کوژراو و برینداریان لێکەوتووەتەوە.
لە دوایین هێرشی ئەمریکادا کە بەرەبەیانی دوێنێ پێنجشەممە کرایە سەر دوورگەی قیشمی سەر بە هورمزگان، سێ کەس کوژران و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

.jpg&w=3840&q=75)

