رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە تەواوی کارایە و تاوەکو رۆژی شەممە 25-07-2026، هێزەکانیان رێڕۆی 12 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە کە ویستوویانە گەمارۆکە بشکێنن، هاوکات دوو کەشتییان لەکارخستووە و چوونەتە سەر دوو کەشتیی دیکەش بە مەبەستی دڵنیابوون لە پابەندبوونی تەواویان بە بڕیارەکانەوە.
سێنتکۆم لە ئێکس رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی شەممە هێزەکانی ئەمریکا پڕۆسەی چوونەسەر و پشکنینیان بۆ دڵنیابوونەوە لە کەشتیی نەوتهەڵگری چارمینار (M/T Charminar) بە ئاڵای کۆمۆرۆسەوە لە دەریای عەرەبیدا بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە، کەشتییەکە ئێستا لە گەشتی خۆی بەردەوامە.
سێنتکۆم رایگەیاند، هێزەکانیان رۆژی هەینی 24ی تەممووز، کەشتیی نەوتهەڵگری لاڤین (M/T Lavine)یان بە ئاڵای مۆزەمبیقەوە لە کەنداوی عومان لەکارخستووە، دوای ئەوەی تیمی کەشتییەکە چەندین جار هەوڵیانداوە گەمارۆکە پێشێل بکەن و گوێیان بە هۆشدارییە دووبارەکان نەداوە. سێنتکۆم گوتی، ئەم کەشتییە چیدی بەرەو ئێران ناڕوات.
لە کۆتاییدا هێزەکانی ئەمریکا رایانگەیاند، "هێزەکانی ئەمریکا بە هۆشیاریی بەرز، چڕی، کوشندەیی و ئامادەیی تەواوەوە دەمێننەوە" بۆ پاراستنی هێڵەکانی هاتووچۆی دەریایی.



