رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، واشنتن فڕۆکەی جەنگیی زیاتر رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات؛ ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئەگەری هەیە ئیدارەی ترەمپ لە ماوەیەکی نزیکدا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران تووندتر بکات.
بەپێی گوتەی ئەو بەرپرسانە کە قسەیان بۆ نیویۆرک تایمز کردووە، فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئێف-16 لە ئەڵمانیاوە و فڕۆکەی جۆری ئێف-35 لە بەریتانیاوە رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکرێن، هاوکات فڕۆکەی زیاتری تایبەت بە پڕکردنەوەی سووتەمەنی بەڕێگەوەن. لای خۆشییەوە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر ناردنی ئەو فڕۆکانە بدات.
بڕیاری گواستنەوەی ئەو فڕۆکانە پێش هێرشەکەی رۆژی هەینیی ئێران دراوە، کە لە ئوردن دوو سەربازی ئەمریکایی کوژران، یەکێک بێسەروشوێن بوو و چەندینی دیکەش بریندار بوون. ئەو هێرشە بووە هۆی هێرشی پێچەوانەی ئەمریکا کە سوپای وڵاتەکە رایگەیاند بە مەبەستی "سزادانی خێرای هێزەکانی سوپای پاسداران" بووە.
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردبوو پلانی هەیە لەم هەفتەیەدا هێرشەکان بۆ سەر ئێران چڕبکاتەوە و راستەوخۆ ژێرخانی ئەو وڵاتە؛ لەوانەش پرد، وێستگەکانی کارەبا و تۆڕەکانی دابەشکردن بکاتە ئامانج.
تاوەکو ئێستا شوێنی جێگیرکردنی هەموو فڕۆکە جەنگییەکان روون نییە، بەڵام بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل رایگەیاندووە ئەمریکا بڕیاری داوە بەشێک لە فڕۆکەکانی تایبەت بە پڕکردنەوەی سووتەمەنی لە بنکە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا جێگیر بکات. ئەم فڕۆکانە لە کاتی هێرشەکاندا هاوکاریی فڕۆکە جەنگییەکان دەکەن.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28-02-2026ـەوە دەستیپێکردووە و ناوچەکەی خستووەتە قۆناخێکی مەترسیدارەوە. لەم ماوەیەدا چەندین جار بنکە سەربازییەکان و شارەکان کراونەتە ئامانج، ئەمەش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئێستا ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت لە رێگەی زیادکردنی هێزی ئاسمانییەوە، تاران ناچار بە پاشەکشە بکات.


