رووداو دیجیتاڵ
سوپای کوێت رایگەیاند، بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتەکە خەریکی وەڵامدانەوەی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنین کە لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدراون؛ هاوکات لە بەحرێنیش زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا. تاران دەڵێت: بنکەیەکی ئەمریکیی کردووەتە ئامانج.
رۆژی هەینی، 17ی تەممووزی 2026، سوپای کوێت لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە: "بەرگرییە ئاسمانییەکانی کوێت ئێستا بەرپەرچی هێرشە مووشەکی و دووژمنکارییەکانی درۆن دەدەنەوە کە لە ئەنجامی دەستدرێژییە قێزەونەکانی ئێرانەوە سەرچاوەیان گرتووە." ئەم هێرشانە تەنیا یەک رۆژ دوای هێرشێکی هاوشێوە دێن بۆ سەر ئەو وڵاتە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن رایگەیاند، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە وڵاتەکە لێدراوە و داوای لە هاووڵاتییان کردووە بەپەلە پەنا بباتە بەر پەناگەکان و شوێنە ئارامەکان بۆ پاراستنی گیانیان.
میدیای فەرمیی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە سوپای وڵاتەکەیان بنکەیەکی ئاسمانی لە بەحرێن کردووەتە ئامانج کە فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکای تێدا جێگیر کراوە.
تاران بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم هێرشانە "وەک وەڵامێکە بۆ کارە دووژمنکارییەکانی دووژمن لە بە ئامانجگرتنی ژێرخانی شارەکان و خەڵکی بێتاوانی ئێران."
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە دوای ئەوە دێن کە ئەمریکا گەمارۆیەکی تووندی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و پێنج شەوی یەک لە دوای یەک هێرشی کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، ئەمەش وایکردووە تاران هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە کەنداو چڕ بکاتەوە.


