رووداو دیجیتاڵ
لە کەمپێکی ئاوارەکان لە رۆژئاوای شاری غەززە، خەڵک بە بیستنی دەنگی هۆرنی تانکەری ئاو رۆژەکەیان دەستپێدەکەن. گەیشتنی ئەو تانکەرە بووەتە نیشانەیەک بۆ دەستپێکردنی کێبڕکێیەکی رۆژانە لەپێناو دەستخستنی ئاوی خواردنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە بەهۆی وێرانبوونی ژێرخانی ئاوەوە، قەیرانی کەمئاوی لە غەززە قووڵتر بووەتەوە و سەدان هەزار ئاوارە پشت بەو تانکەرانە دەبەستن.
لەنێوان ریزە چادرە چڕەکانی کەناراوەکەدا، ژنان و منداڵان بە دەبەی پلاستیکی و کیسەی ئاوەوە بەنێو کەمپەکەدا دەسووڕێنەوە، بەشێکی دیکەشیان لە ریزێکی درێژدا چاوەڕێی تانکەرەکە دەکەن، کە بە گوتەی دانیشتووانی کەمپەکە، کاتی هاتنی دیارینەکراوە.
مەروەت دەواس، کە لە شارۆچکەی بێت لاهیای باکووری غەززەوە ئاوارە بووە و ئێستا لەو کەمپەی نزیک کەناراوەکانی رۆژئاوای غەززە دەژی دەڵێ، بەدەستهێنانی ئاوی سازگار بووەتە بەشێک لە ململانێی رۆژانەیان.
مەروەت گوتی: "تانکەری ئاوەکە هەمیشە نایەت، هەندێک جاریش نازانم ئایا دەتوانم ئاو بەدەستبێنم یان نا. ئێمە کیسە و دەبەی ئاو هەڵدەگرین و بۆ ماوەیەکی زۆر بەپێ بەنێو کەمپەکەدا دەڕۆین، لە کاتێکدا هەموو رۆژێک ئاوی سازگار بەردەست نییە. بارودۆخەکە زۆر سەختە و بەدەست نەهامەتییەکی گەورەوە دەناڵێنین."
کاتێک تانکەرەکە دەگات، دەیان ژن، منداڵ و گەنج بە دەبەی بەتاڵەوە بەرەو رووی رادەکەن بۆ ئەوەی پێش تەواوبوونی ئاوەکە پشکی خۆیان مسۆگەر بکەن. موعین مەعرووف، ئاوارەیەکی دیکەی کەمپەکە دەڵێ، ئیدی ژیانیان لەسەر گەیشتنی ئەو تانکەرە وەستاوە: "ئەمە رۆتینی رۆژانەمانە. ئەگەر تانکەرەکە بێت و دەنگی هۆرنەکەی نەبیستین، لەوانەیە دەرفەتی وەرگرتنی ئاو لەدەستبدەین؛ ئەو کاتە نە دەتوانین ئاو بخۆینەوە و نە دەشتوانین خۆمان بشۆین. ئەمەیە ژیانی ئێمە."
بەپێی ئامارەکانی سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی منداڵان (UNICEF)، نزیکەی یەک ملیۆن و 100 هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە رۆژانە رووبەڕووی نادڵنیایی دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خاوێن.
ئاژانسەکە دەڵێ، 82٪ـی خێزانەکان لە ئاسایشی ئاودا کێشەیان هەیە، تاوەکو 70٪ـی دانیشتووان ناتوانن ئەو بڕە کەمەی ئاو بەدەستبهێنن کە رۆژانە بۆ خواردنەوە و لێنان پێویستە، کە تەنیا شەش لیترە بۆ هەر کەسێک.
لەگەڵ قەرەباڵخیی نێو کەمپەکان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە وەرزی هاویندا، پەیداکردنی تەنیا چەند لیترێک ئاوی خاوێن، بۆ ئەو خێزانانەی لەنێو چادرەکاندا دەژین، بووەتە یەکێک لە سەختترین و ماندووکەرترین کارەکانی ژیانی رۆژانە.


