رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئێران رایگەیاند، لە ئەنجامی کارابوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، درۆنێکی ئەمریکییان لە بەندەر عەباسی باشووری وڵاتەکە خستووەتە خوارەوە.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 13-07-2026، بەشی پەیوەندییەکانی سوپای ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، لە ئەنجامی هێرشێکی ئەمریکا، سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە بەندەر عەباسی ناوەندی پارێزگای هورمزگان کارا کراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای ئێران، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بەندەر عەباس ''سەرکەوتووانە'' درۆنێکی ئەمریکی تێکشکاندووە و خستوویەتە خوارەوە.
وەک سوپای ئێران دەڵێت، درۆنەکە لە جۆری (لۆکاس)ـی ئەمریکییە کە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی سیخوڕی و هێرشبردن بەکاردەهێنرێت.
تێکشکاندنی درۆنەکە لەکاتێکدایە جیا لە بەندەر عەباس، ئەمڕۆ هێرشکراوەتە سەر چەند شارێکی دیکە لە پارێزگاکانی هورمزگان، خوزستان، بوشێهر.
بەگوتەی وەلیوڵڵا حەیاتی، جێگری پارێزگاری خوزستان لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆ سەر ئابادانی سەر بە پارێزگاکە، دوو کەس کوژراون و سێی دیکەش بریندار بوون.
لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا بە چەندین قۆناخ هێرشی کردووەتەوە سەر بنکە سەربازی و کۆگەکانی چەک، تەقەمەنی، درۆن و مووشەک لە باشووری ئێران، کە لە 48 کاژێری رابردوودا هێرشەکان نێوەڕاست و رۆژئاوای وڵاتەکەشیان گرتووەتەوە.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو.


