رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری بووشەهر رایگەیاند، دەنگە بەهێزەکانی ئەمشەو لە ئەنجامی کاراکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پارێزگاکە بوون. دەشڵێت، ئەمریکا بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی نزیک ناوەندی پارێزگاکە.
کاژێر 21:00ـی شەوی پێنجشەممە، 09-07-2026، میدیای ئێران بڵاویکردەوە، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە پارێزگاکانی هورمزگان، بووشەهر و سیستان و بەلووچستان بیستراوە.
ئیحسان جەهانیان، جێگری پارێزگاری بووشەهر پشتڕاستیکردەوە، تەقینەوە بەهێزەکان لە ئەنجامی کاراکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پارێزگاکە بووە، بۆ تێکشکاندنی چەندین درۆنی ئەمریکی.
بە گوتەی ئیحسان جەهانیان، جیا لەو درۆنانەی لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە تێکشکێنراون، جارێکی دیکە هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازی لە نزیک ناوەندی پارێزگای بووشەهر.
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر قەبارەی زیانەکانی هێرشەکە بڵاونەکراوەتەوە.
هاوکات میدیاکانی ئێران باس لە بیستنی دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە شارەکانی ئەهواز، بەندەر عەباس، شیراز، چوغادەک، کونارەک و چابەهاری وڵاتەکە دەکەن.
لە دوو رۆژی رابردوودا ئەمریکا دەستی بە شەپۆلێکی نوێی هێرش کردووە بۆ سەر ئێران. بەگوێرەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لەو ماوەیەدا 170 ئامانجیان لەنێو خاکی ئێران پێکاوە.
هێرشەکان دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆتاییهاتنی فەرمیی ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵاتی راگەیاند.
لە وەڵامدا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، هێرشی مووشەکی و درۆنیی تووندیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوێت، بەحرێن و ئوردن.



