رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنانە بە جەنگ؛ هۆشداریش دەدات، وەڵامی تووندیان بۆ هەر "سەرکێشی"ـیەکی ئەمریکا دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، 09-07-2026، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، عەباس عێراقچی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکای کردووە بۆ سەر وڵاتەکەی و رایگەیاندووە، "دەستدرێژییەکانیان" پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و خاڵەکانی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئابادە کە لە نێوان تاران و واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ کراوە.
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، "شێوەی قسەکردن و بێڕێزییەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، دەرخەری پابەندنەبوونی واشنتنە بە رێککەوتن و بەردەوامیدانە بە سیاسەتی شەڕانگێزی."
عەباس عێراقچی هۆشداریش دەدات، هەر "سەرکێشی"ـیەکی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی، وەڵامی تووندی هێزە چەکدارەکانی ئێرانی بەدوای خۆیدا دێنێت.
بەگوێرەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە دوو شەودا 170 ئامانجیان لە نێوخۆی ئێران پێکاوە.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردووەتە سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە.



