رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند پارێزگایەکی ئەو وڵاتە 14 کەس کوژراون و 78 کەسی دیکەش بریندار بوون. رۆژی پێنجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، حوسێن کرمانپوور، سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە دوو شەوی رابردوودا پێنج پارێزگای ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە 14 کەس کوژراون. حوسێن کرمانپوور لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "سەرەڕای بەرقەراربوونی ئاگربەست، ئەمریکا لە رۆژانی 7 و 8ـی تەممووزی 2026، پێنج پارێزگای ئێرانی بۆردوومان کرد؛ لە ئەنجامدا شەهیدبوونی 14 کەس و برینداربوونی 78 کەسی دیکەیان لێکەوتووەتەوە." بە گوتەی کرمانپوور، 47 لە برینداران هێشتا لە نەخۆشخانەن و چارەسەر وەردەگرن و ئەوانەی دیکە دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، رەوانەی ماڵەوە کراون. ئەم هێرشانەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لە کاتێکدان کە واشنتن شەپۆلێکی نوێ و فراوانی بۆردوومانەکانی بۆ سەر پێگە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە دەستپێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆتاییهاتنی فەرمیی ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵاتی راگەیاند. فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان لە گەڕێکی نوێی هێرشەکاندا نزیکەی 90 ئامانجی سەربازییان لە نێو خاکی ئێران بۆردوومان کردووە، لەوانەش: سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، دامەزراوەکانی چاودێریی کەناراوی، کۆگەکانی مووشەک و درۆن، تواناکانی هێزی دەریایی و ژێرخانی لۆجستیی سەربازی بە درێژایی کەناراوەکانی ئێران. لە وەڵامدا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە هێرشی مووشەکی و درۆنیی توندیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوێت و بەحرێن. میدیای ئێران رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا پردێکی شەمەندەفەری گرنگیان لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە و بنکەیەکی سەربازییان لە شاری بەندەری بوشێهر تێکشکاندووە.