رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری بووشەهر بۆ کاروباری ئەمنی رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئەمریکا هێرشی کردە سەر چەند شوێنێک لەو پارێزگایە و دەوروبەری، هەروەها وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهریش کرایە ئامانج. قایمقامی شارەکەش دەڵێت، لە هێرشی ئەم بەیانییەدا 10 بەلەمی تایبەت بە ماسیگران ئاگریان لێکەوتەوە و زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە.
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، ئیحسان جیهانیان، جێگری پارێزگاری بووشەهر بۆ کاروباری ئەمنی رایگەیاند، لە هێرشەکەدا چەند شوێنی سەربازی و سڤیل لە پارێزگاکە کراونەتە ئامانج.
ئیحسان جیهانیان گوتی، ناوەندێکی سەربازی لە نزیک شاری چوغادەک کرایە ئامانج. هەروەها دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهر و ئەسکەلەیەکی تایبەت بە راگرتنی بەلەمی ماسیگری لە گوندی بنوودی سەر بە شاری عەسەلوویە هێرشی کرایە سەر.
ئەسکەندەر پاسالار، قایمقامی عەسەلوویەش رایگەیاند، ئەسکەلەی گوندی بنوود بە دوو مووشەک کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا 10 بەلەمی تایبەت بە ماسیگری سووتان و زیانێکی زۆریان پێگەیشت.
بە گوتەی قایمقامی عەسەلوویە، سەرجەم تیمەکانی بەڕێوەبردنی قەیرانی قەزاکە لە ئامادەباشیی تەواودان، پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە رەهەندەکانی رووداوەکە و خەمڵاندنی زیانەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکان دەستیپێکردووە.
سوپای ئەمریکا لە شەوی سێشەممە، 7ـی تەممووزی 2026ـەوە شەپۆلێکی نوێی بۆردوومانکردنی پێگە سەربازییەکانی ئێرانی دەستپێکردووە.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، شەوی چوارشەممە هێزەکانیان لە گەڕێکی نوێی هێرشەکاندا نزیکەی 90 ئامانجی سەربازییان لە نێو خاکی ئێران بۆردوومان کردووە.
بە گوتەی (سێنتکۆم)، شەوی سێشەممەش 80 ئامانجی دیاریکراو لە نێو خاکی ئێران بۆردوومان کراون.



