رووداو دیجیتاڵ هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی دۆخی تەنگەی هورمز رایگەیاند، لە دوو هەفتەی رابردوودا کۆنترۆڵی تەواوی تەنگەکەیان کردووە و لە رێگەی کردنەوەی هەنگاو بە هەنگاودا، هاتووچۆی کەشتیوانییان گەیاندووەتە 50٪ـی قۆناخی پێش دەستپێکردنی جەنگ. له راگەیێندراوەکەدا، کە پێنجشەممە، 9-7-2026 بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، ئێستا تەنیا ئەو کەشتییانە رێگەی تێپەڕینیان هەیە، کە مۆڵەتی فەرمییان لە هێزی دەریایی سوپای پاسداران وەرگرتووە و پابەندی رێوشوێنە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن. هێزی دەریایی سوپای پاسداران هۆشداریی توندی دایە ئەمریکا و رایگەیاند: "بێگانەکان هیچ پشکێکیان لە خاکی ئێران و تەنگەی هورمزدا نییە." دەشڵێت؛ هەر دەستوەردان و سەرکێشییەکی سوپای ئەمریکا بۆ دیاریکردنی رێڕەوی کەشتیوانی، وەڵامێکی توندی لێدەکەوێتەوە و پرۆسەی کردنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی تەنگەکەش پەکدەخات کە ئەمەش بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانە دەخاتە مەترسییەوە کە سوود لە تەنگەکە وەردەگرن. ئەو راگەیێندراوەی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە، دوو شەوە هێزەکانی ئەمریکا هێرش دەکەنە سەر ئێران. بە گوێرەی سێنتکۆم لە شەوی سێشەممەدا 80 ئامانج و لە شەوی چوارشەممەش 90 ئامانجیان لە ناوخۆی ئێران بۆردوومان کردووە.