رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری بوشەهر بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی رایگەیاند، بنکەیەکی سەربازی لە باشووری شاری بوشەهر بە دوو مووشەک کراوەتە ئامانج و تاوەکو ئێستا زیانەکانی هێرشەکە نەزانراون.
رۆژی پێنجشەممە جێگری پارێزگاری بوشەهر بە ئاژانسی "ئیرنا"ی فەرمیی ئێران رایگەیاند: "بنکەیەکی سەربازی لە باشووری شاری بوشەهر لەلایەن دوژمنی ئەمریکییەوە بە دوو (مووشەک) بۆردوومان کرا."
سەبارەت بە زیانەکان، ئەو بەرپرسەی بوشەهر رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ راپۆرتێک لەبارەی بوونی زیانی مرۆیی بەهۆی ئەو دوو مووشەکەوە نەگەیشتووەتە دەستیان.
بۆ دووەم شەو لەسەر یەک، ئەمریکا هێرشی کردەوە سەر ئێران، بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا هێرشەکانی شەوی چوارشەممە لە هێرشەکانی شەوی سێشەممە زیاترن. سێنتکۆم رایگەیاندبوو لە هێرشەکانی شەوی پێشوودا 80 ئامانجیان لە ئێران بۆردوومان کردووە.
هێرشەکانی شەوی چوارشەممە چەندین ناوچەی لە باشووری ئێران گرتەوە، لەوانە چابهار، کونارەک، سیریک، جاسک و بەندەر عەباس، ئەبو مووسا، کە دەنگی تەقینەوەی بەهێزیان تێدا بیستراوە.
ئاژانسی هەواڵی "مێهر" بڵاویکردەوە، لە شارەکانی چابهار و کونارەک دەنگی نزیکەی 10 تەقینەوە بیستراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پارێزگای سیستان و بەلوچستان رایگەیاند، بەهۆی "هێرشەکانەوە سێ هێڵی سەرەکیی گواستنەوەی کارەبا لە شاری چابهار پچڕاون.
ئەو بەرپرسەی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای هەوڵی تیمە تەکنیکییەکان، دوو هێڵیان چاککراونەتەوە و خراونەتەوە گەڕ، بڕیاریشە لە ماوەیەکی کورتدا هێڵی سێیەمیش چاکبکرێتەوە و تەزووی کارەبا بۆ تەواوی ناوچەکە بگەڕێتەوە.
دوای دەنگی تەقینەوەکان فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستیان بە هێرشی سەربازیی زۆرتر بۆ سەر ئێران کردووە.
سێنتکۆم راشیگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت لەو شەڕانگێزییە بێ پاساوانەی بەرامبەر کەشتییە بازرگانییەکان و تیمە مەدەنییەکان کردوونی."

