رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکانی شەوی چوارشەممە بۆ سەر ئێران، لە تۆڵەی هێرشەکانی ئێران بووە بۆ سەر کەشتییەکان لە تەنگەی هورمزدا.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) شەپۆلێکی نوێ و فراوانی بۆردوومانی بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران دەستپێکرد؛ هاوکات لەگەڵ هێرشەکان، هێزی دەریایی ئەمریکا 19 کەشتیی جەنگیی لە نزیک ئێران جێگیرکردووە و نرخی نەوتیش گەیشتە 80 دۆلار.
رۆژی پێنجشەممە، 08-07-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیال لە بارەی هێرشەکانەوە نووسی: "ئەمە تۆڵەیەکە بۆ بۆردوومانەکەی دوێنێی کەشتییەکان لەلایەن ئێرانەوە. ئەگەر ئەمە دووبارە ببێتەوە، [دۆخەکە] زۆر لەوە خراپتر دەبێت!"
رۆژی چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستیان بە هێرشی سەربازیی زۆرتر بۆ سەر ئێران کردووە.
سێنتکۆم راشیگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت لەو شەڕانگێزییە بێ پاساوانەی بەرامبەر کەشتییە بازرگانییەکان و تیمە مەدەنییەکان کردوونی."
هێرشەکان فراوانترن و ئامانجەکان هەستیارن
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ی راگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، زۆر گەورەتر و فراوانتر بن لەو هێرشانەی کە رۆژی سێشەممە کران.
هاوکات ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" بڵاویکردەوە، ئامانجەکانی ئەمریکا لەم شەپۆلە نوێیەدا بریتین لە: رادارەکانی کەناراوەکانی ئێران، بنکەکانی هاوێشتنی مووشەکی دژە کەشتی و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی بەرپرسێکی ئەمریکا کە قسەی بۆ سی ئێن ئێن کردووە، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکان، هێزی دەریایی ئەمریکا نزیکەی 19 کەشتیی جەنگیی لە ناوچە جیاوازەکانی نزیک لە خاکی ئێران جێگیر کردووە.
تەقینەوە و بڕانی کارەبا لە شارەکانی ئێران
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، دەنگی تەقینەوەی زۆر بەهێز لە شارەکانی بەندەر عەباس، بوشەهر، کونارەک، چابهار و سیرک بیستراوە. بەگوێرەی راپۆرتە خۆجێییەکان، دوای تەقینەوەکان کارەبای شاری چابهار بە تەواوی بڕاوە و دۆخی نائاسایی لە کەناراوەکانی باشووری ئێران راگەیێندراوە.
بە گوێرەی میدیای فەرمی ئێران، ئەمشەو ئەمریکا دوو شەپۆلی هێرشیکردووەتە سەر کەناراو و بەندەرەکانیان.
ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن کە دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە بە فەرمی هەڵوەشانەوەی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران راگەیاند و گوتی: "ئەوان هەموو رۆژێک رێککەوتنەکە پێشێل دەکەن؛ بۆیە پێدەچێت ئەمشەو زۆر بە تووندی لێیان بدەین."
لەگەڵ هەڕەشەکانی ترەمپ و بیستنی دەنگی تەقینەوەکان لە ناوخۆی ئێران، بازاڕەکانی وزە شڵەژان و نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە خێرایی رووی لە بەرزبوونەوە کرد و گەیشتە 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
جەنگی ئێران کە لە کۆتایی مانگی شوبات بە ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر" دەستیپێکرد، بووەتە هۆی پەککەوتنی هەناردەی وزە لە تەنگەی هورمز. واشنتن جەخت دەکاتەوە، تاوەکو تاران پابەندی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە نەبێت، بژارە سەربازییەکانیان دژی تاران و تێکشکاندنی تواناکانی ئەو وڵاتە بەردەوام دەبن.
ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە "هەموو لایەنەکان کرد ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن بنوێنن" بە هەمان شێوە پاکستان کە نێوەندگیرێکی سەرەکییە لە وتووێژەکانی ئەمریکا و ئێراندا، هەمان داوای کرد.
میدیای ئێران رایگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان و محەممەد بن عەبدولڕەحمان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر رۆژی چوارشەممە بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و "جەختیان لە گرنگیی بەکارهێنانی ئامرازە دیپلۆماسییەکان کردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسە ناوچەییەکان."
دوێنێ، سێنتکۆم رایگەیاند هێزەکانیان رۆژی سێشەممە پتر لە 80 ئامانجیان پێکاوە، لەنێویاندا سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران، پێگە رادارییەکانی کەناراوەکان و 60 بەلەمی بچووکی سوپای پاسداران.
وەڵامی تاران خێرا بوو، سوپای پاسداران رایگەیاند دەیان دامەزراوەی سەربازیی ئەمریکایان لە کوێت و بەحرەین پێکاوە.
دوێنێ وەزارەتی ناوخۆی کوێت رایگەیاند، دوو مووشەکی بالیستی و 13 درۆنیان تێکشکاندووە، لە کاتێکدا سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی شێخ عیسا لە بەحرەین.
بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ئەو هێرشە نوێیانەی لەلایەن ئێرانەوە کراون نەبوونەتە هۆی هیچ کوژراو و بریندارێکی ئەمریکی و زیانی گەورەشیان بە دامەزراوەکان نەگەیاندووە.
ئەو بەرپرسە گوتی: "هەموو ئەو مووشەک و درۆنانەی لەلایەن ئێرانەوە هاوێژرابوون تێکشکێندران یان نەیانتوانی زیانی گەورە بگەیەنن."
لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەوە لە مانگی رابردوودا، ئەمریکا سێیەمجارە هێرشدەکاتە سەر ئێران. هێرشەکەی رۆژی سێشەممەی ئەمریکاش دوای هێرشێکی هەمان رۆژی ئێران بوو بۆ سەر سێ کەشتی لە تەنگەی هورمز.
بەرپرسانی ئێران رایانگەیاند، هێرشەکەیان بۆ سەر ئەو کەشتیانە بەو هۆیەوە بووە کە ئەوان هەوڵیانداوە رێگەیەکی دیکە بۆ تێپەڕین بە تەنگەکەدا بەکاربهێنن کە پێشتر بۆیان دیاریکرابوو.


