رووداو دیجیتاڵ
شەوی چوارشەممە دەنگی چەندین تەقینەوە لە چەند شارێکی باشووری ئێران بیستران و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە بەندەر عەباس چالاک کرا؛ هاوکات لە شاری چابەهار تەزووی کارەبا بڕاوە.
بەگوێرەی میدیا نێوخۆییەکانی ئێران، دەوروبەری کاژێر 11:15ـی شەوی چوارشەممە دەنگی چەندین تەقینەوە لە شارەکانی بەندەر عەباس، سیریک، بوشەهر، کونارەک و چابەهار لە باشووری ئێران بیستراوە.
لە شاری بەندەر عەباس دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیستراوە کە بە گوتەی شایەتحاڵەکان، دەنگەکان لە بەشی رۆژئاوای شارەکە بەهێزتر بوون؛ هاوکات سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی شارەکە بۆ بەرپەرچدانەوەی "ئامانجەکان" چالاک کراوە. لە شاری سیریکیش دەنگی تەقینەوەکان لە لای دەریاوە بیستراون.
ئاژانسی هەواڵی "مێهر" بڵاویکردەوە، لە شارەکانی چابەهار و کونارەک دەنگی نزیکەی 10 تەقینەوە بیستراوە. ئاژانسی "ئیرنا"یش رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەکانەوە تەزووی کارەبا لە بەشێکی شاری چابەهار بڕاوە. هاوکات دانیشتووانی پارێزگای بوشەهریش دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێزیان بیستووە.
ئاژانسی ئیرنا رایگەیاندووە، دەنگی فڕینی چڕی فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی دوورگەی کیش دەبیسترێت.
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر بەندەری چابەهار لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، پارچەی ئەو مووشەک و پاشماوەی تەقەمەنییانەی بەکارهێنراون، بەر نەخۆشخانەی "ئیمام عەلی" لەو شارە کەوتوون. تاوەکو
ئێستا ئاستی زیانەکانی نێو نەخۆشخانەکە بە وردی رانەگەیێندراوە.
هاوکات پەیامنێری رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران رایگەیاند، سێ تەقینەوەی بەهێز لە دەوروبەری گوندی "تاهرویی" سەر بە شاری سیریک بیستراون. هەروەها لە شاری "جاسک"یش دەنگی چەند تەقینەوەیەکی لەسەریەک بیستراوە و دڵەڕاوکێی لای دانیشتووانی ناوچەکە
دروستکردووە.
هەروەها لە دوورگەی "بوموسا" دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
بەهۆی هێرشەکانەوە کارەبای چابهار بڕا
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پارێزگای سیستان و بەلوچستان رایگەیاند، پێش کاژێرێک بەهۆی "هێرشەکانی دوژمن" سێ هێڵی سەرەکیی گواستنەوەی کارەبا لە شاری چابهار پچڕاون.
ئەو بەرپرسەی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای هەوڵی تیمە تەکنیکییەکان، دوو هێڵیان چاککراونەتەوە و خراونەتەوە گەڕ؛ بڕیاریشە لە ماوەیەکی کورتدا هێڵی سێیەمیش چاک بکرێتەوە و تەزووی کارەبا بۆ تەواوی ناوچەکە بگەڕێتەوە.
دوای دەنگی تەقینەوەکان فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستیان بە هێرشی سەربازیی زۆرتر بۆ سەر ئێران کردووە.
سێنتکۆم راشیگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت لەو شەڕانگێزییە بێ پاساوانەی بەرامبەر کەشتییە بازرگانییەکان و تیمە مەدەنییەکان کردوونی."
شەوی رابردووش سوپای ئەمریکا هێرشی کردە زیاتر لە 80 ئامانج لە نێو ئێران، هێزە چەکدارەکانی ئێران رایانگەیاند کە وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ى راگەیاندووە، هێرشەکانی رۆژی چوارشەممە زۆر فراوانترن لە هێرشەکانی رۆژانی پێشوو. ئەو بەرپرسە گوتیشی، ئامانجەکان پێکهاتوون لە راداری کەناراوەکان، بنکەکانی هاوێشتنی مووشەکی دژە کەشتی و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران.

