رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، حکومەتەکەی لە کەرتی غەززە هەڵوەشاندووەتەوە و ئامادەکاری دەکات بۆ رادەستکردنی دەسەڵات بە لیژنەیەکی تەکنیکی، کە نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتیی دەکات؛ ئەمەش وەک بەشێک لە رێککەوتنی ئاگربەست، کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا واژۆ کراوە.
دووشەممە 6ی تەممووزی 2026 بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئەم هەنگاوەی نیشانەی پابەندیی ئەوانە بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی غەززە دوای ساڵانێکی زۆر لە جەنگ. هەرچەندە حەماس ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئایا چەک دادەنێت یان دۆسیەی ئەمنی رادەستی هێزێکی نێودەوڵەتی دەکات، بەڵام بڕیارەکە وەک هەنگاوێکی سەرەتایی دەبیندرێت.
کاردانەوەی ئەمریکا و ئەنجوومەنی ئاشتی
ئەنجوومەنی ئاشتی، کە دامەزراوەیەکی نوێیە و لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکرێت و ئەرکی بەڕێوەبردن و ئاوەدانکردنەوەی غەززەی پێسپێردراوە، رایگەیاند، ئاگاداری بڕیارەکەی حەماسن، بەڵام ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەوان "لەسەر بنەمای کردار هەڵسەنگاندن دەکەن نەک بەڵێن." ئەنجوومەنەکە لە پۆستێکدا لە ئێکس رایگەیاند، دەبێت لیژنە تەکنۆکراتەکە کۆنترۆڵی هەموو چەکەکانی غەززە بکات، وەک لە رێککەوتنی ئاگربەستدا هاتووە.
ئیسماعیل سەوابتە، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی غەززەی سەر بە حەماس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "تەنیا فەرمانبەرانی تەکنیکی و پیشەیی لە پۆستەکانیاندا دەمێننەوە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانەی خەڵک." حازم قاسم، گوتەبێژی حەماسیش ئەم هەنگاوەی بە "هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست" ناوبرد.
لای خۆیەوە ئیسرائیل بڕیارەکەی حەماسی رەتکردەوە. بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاند: "دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی حەماس، لە کاتێکدا هەموو ئەندامانی حەماس لە پۆستەکانیاندا بمێننەوە، تەنیا یارییەکی میدیاییە و هیچ گرنگییەکی نییە."
ئەو لیژنە تەکنۆکراتەی بڕیارە دەسەڵات وەربگرێت، بارەگاکەی لە قاهیرەیە و لەلایەن عەلی شەعسەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، کە ئەندازیارێکی لەدایکبووی غەززەیە و بەرپرسێکی پێشووی دەسەڵاتی فەڵەستین بووە. ئەرکی ئەم لیژنەیە گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و سەرپەرشتیکردنی کاروباری شارستانییە لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاشتیدا.
عەلی شەعس لە پۆستێکدا لە ئێکس رایگەیاند، بۆ ئەوەی لیژنەکە بە باشی کار بکات، پێویستە "تەنیا یەک دەسەڵاتی کارگێڕی لەژێر یەک چوارچێوەی یاساییدا هەبێت و دەزگایەکی ئەمنی یەکگرتووش بەرپرسیار بێت لە بەردەم ئەو دەسەڵاتەدا."
دوای تێپەڕبوونی نۆ مانگ بەسەر واژۆکردنی رێککەوتنی ئاگربەست، کە لە 10ی تشرینی یەکەمی 2025 دەستیپێکرد، دانوستاندنەکان لەبارەی داماڵینی چەکی حەماس و قۆناخی دووەمی رێککەوتنەکە هێشتا بنبەستن.
جەنگی غەززە کە دوای هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکرد کە تێیدا 1,200 ئیسرائیلی کوژران و 251 کەسیش بە بارمتە گیران، زیانی مرۆیی گەورەی لێکەوتووەتەوە. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، تاوەکو ئێستا 73,098 فەڵەستینی کوژراون، کە نیوەیان ژن و منداڵن.
هەرچەندە هێرشەکانی ئیسرائیل دوای ئاگربەستەکەی ئۆکتۆبەری رابردوو کەمی کردووە، بەڵام بە تەواوی نەوەستاون. تەنیا رۆژی دووشەممە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خان یونس و شاری غەززە، لانیکەم پێنج فەڵەستینی کوژران. هەروەها لە دوای دەستپێکردنی ئاگربەستەوە، پێنج سەربازی ئیسرائیلی لە غەززە کوژراون.




